بە بڕیاری حكومەت دەرماڵەی 100% بۆ ئەم فەرمانبەرانە خەرج دەكرێت

بە بڕیاری وەزارەتی دایی پاش كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەكی نوێ بۆ وەرگرتنی باج فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیەكە دەرماڵەی (100%)ی موچەی بنەڕەتیان بۆ خەرجدەكرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بەڕێوەبەرایەتیەكی نوێ دەكاتەوە بۆ وەرگرتنی باج لە كۆمپانیا گەورەكان ڕاییكردنی كارەكانیان، لەو بارەیەوە د.كەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتی باج لەوەزارەتی دارایی بە سایتی SNNی راگەیاندوە "لەسبەینێوە بەڕێوەبەرایەتی گەورە باجدەران دەستبەكار دەبێت و لەمەودوا كۆمپانیا گەورەكان لەڕێگەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و باجیان لێوەردەگیرێت، بەڕێوەبەرایەتیەكە لە هەولێر دەبێت و نوسینگەشی لەسلێمانی و دهۆك دەبێت".

سەبارەت بە دەرماڵەی فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیەش د.كەمال تەیب وتی "دەرماڵە بەشێكە لەسیستمی نوێی باج، ئەمساڵ لەسەر گەورە باجدەران جێبەجێدەكرێت، رەنگە لەساڵانی داهاتوودا لەسەر كۆمپانیاكانی دیكەش جێبەجێبكرێت، ئەو دەرماڵەیە هاندانێكە بۆ ئەو فەرمانگانەی لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا كاردەكەن، بۆیە حكومەت لەو سۆنگەیەوە بەڕەچاوكردنی باروگوزەرانی ژیانیان، بڕیاریداوە (100%) دەرماڵەیان بۆ خەرجبكرێت".

بەگوێرەی رێنمایی ژمارە (103)ی ساڵی 2017، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیداوە لەسەر خەرجكردنی دەرماڵەی (100%)ی موچەی بنەڕەتی مانگانە بۆ فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گەورە باجدەران، سەباری ئەوەش (15%)ی ئەو سەرپێچییانەی لەماوەی ساڵێكدا وەردەگیرێت، بەدووجار دابەشدەكرێت بەسەر فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكە بەپێی پلەی وەزیفیان.



AM:09:47:10/05/2017