کەبودوەند پاش دە ساڵ زیندان بە کەفالەت ئازاد دەکرێت

محەمەدسدیق کەبودوەند، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافی مرۆڤی کورد کە ماوەی دە ساڵە لە گرتووخانەکانی ئێرانە، بڕیارە سبەینێ هەینی بە دانانی کەفالەت لە زیندان ئازاد بکرێت.

 
ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لەم بارەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتە و تێیدا هاتووە "محەمەدسدیق کەبوودوەند پاش دە ساڵ زیندان دەبوا ڕۆژی سێشەممە 2017/5/9 ئازاد بکرێت، بەڵام بە بیانووی ئەوەی لە کاتی پێدانی مورەخەسی (مۆڵەت)دا سێ ڕۆژ درەنگ چووەتەوە زیندان، بڕیارە سبەینێ هەینی بە دانانی کەفالەت ئازاد بکرێت.


دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

محەمەدسدیق کەبوودوەند، سەرۆک و دامەزرێنەری ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان، سبەینێ پاش تێپەڕاندنی دە ساڵ بەندکران لە زیندانی (ئێڤین) بە دانانی کەفالەت ئازاد دەکرێت، ئەمە لە حاڵیک دایە کە دەبوا ئەو ڕۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە ئازاد کرابا، بەڵام بە بیانووی ئەوەی کە لە کاتی دانی مۆڵەتدا، سێ ڕۆژ غەیبەتی کردووە، ئازاد کرانەکەی خراوەتە سبەینێ هەینی.

 

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردوام، یاسای کۆکردنەوەی سزاکان لەبارەی ناوبراوەوە جێبەجێ نەکراوە. بەپێی مادەی 134 یاسای نوێی ساز، لە ئەگەری کۆکردنەوەی سزا و تاوانەکاندا، تەنیا حوکمی دە ساڵ بەندکرانی بەپێی یاسا دەبێ بکێشێت و حوکمی شەش مانگ زیندانییەکەی نابێ بەڕێوە بچێت، هەر بۆیە کەبوودوەند بە دانانی کەفالەت هەتا یەکلابوونەوەی ئەو مادە یاساییە لەبارەیەوە، لە زیندان ئازاد دەکرێت.
 

محەمەدسدیق کەبوودوەند لە ڕێکەوتی 1ی جولای 2017ەوە دەستگیر و زیندانی کراوە. دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی هەوڵدان لەدژی تەناهیی میللی لەڕاستای دامەزران و بەڕێوەبردنی ڕیکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان، ناوبراوی بە دە ساڵ زیندان بە بۆنەی پڕوپاگەندە لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ ڕیکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی لەگەڵ کووفی عەنان سکرتێری ئەوکاتی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندەکان بە یەک ساڵ زیندان و سەرجەم بە 11 ساڵ زیندان سزا درا کەلە لقی 56 دادگای پێداچووەنەوەی پاریزگای تاران دە ساڵ زیندانی بە بۆنەی دامەزرانی ڕێکخراو پەسەند کرا.

 
ناوبراو لە دۆسیەی پەیوەندیدار بە چالاکیی ڕۆژنامەنووسیدا بە تۆمەتی "بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بابەت لە هەفتەنامی پەیامی مەردوم" لەلایەن دادگای شاری سنەوە بە یەک ساڵ زیندان و پێنج ساڵ بێبەشکردن لە پیشەی ڕۆژنامەنووسی و بەڕیوەبردنی ڕۆژنامە و هەڵوەشاندەوەی مۆڵەتی هەفتەنامەی (پەیامی مەردوم) مەحکووم کرا کە پاش پەسەندکردنی لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران، یەک ساڵ زیندانەکەی بۆ شەش مانگ کەم کرایەوە، هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەشدا کە لەبارەی نامیلکەکەیەک لەبارەی ژنان و پێشێلکاریی مافەکانیانە لە ئێران، کەلە دادگای پارێزگای ورمێ هەیبوو، کە سەرەنجام لەو تۆمەتە بەری کرا. کەبوودەند لە ماوەی دە ساڵ زینداندا چەندین جار دەستی دایە مانگرتن، کە یەکیان بۆ دیدا لەگەڵ کوڕە نەخۆشەکەی 59 ڕۆژ مانی لە خواردن گرت، هەروەها جارێکی دیکەش بە بۆنەی ناڕەزایی لەمەڕ داتاشینی تاوان و دۆسیەی دەسکرد کە بەهاری ساڵی 2016 لە لقی 28ی دادگای تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەمەد موقیسە" بەڕێوە چوو، بە بەریکردنی ناوبراو و پاش 34  مانگرتن، لەو تۆمەتانەش بەری کرا.

 
کۆمیتەی لێکۆڵینەوە لە دەستگیرکردنە لەخۆڕاییەکانی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا دامەزرانی ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مەرۆڤی کوردستان و چالاکییەکانی محەمەدسدیق کەبوودوەندی بە یاسایی و هاوتەریبی بەڵێنی و ڕێککەوتنە مافی مرۆییەکانی ئێران زانیوە و حوکمی دە ساڵ زیندان بۆ ناوبراوی بە نایاسایی لەقەڵەم داوە و داوای لە حکوومەتی ئێران کرد کە بەبێ هیچ مەرجێک ئازاد بکرێت و داوای کرد کە دەبێ بە بۆنەی زەربە و خەساری ڕۆحی و ڕەوانی، گیانی و ماڵی کەلە کەبوودوەند و بنەماڵەکەی دراوە، قەرەبوو بکرێتەوە.

 

ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان

٢٠ی بانەمەڕی 1396ی هەتاوی

11ی مانگی مەی 2017ی زایینی  



PM:04:36:11/05/2017