رۆشنبیری سلێمانی: له‌ دوو ساڵی رابردوودا زیاتر له‌ ٣٠٠ كار و چالاكیمان ئه‌نجامداوه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر له‌ ٣٠٠ كار و چالاكیمان ئه‌نجامداوه‌.

بابەکر دڕەیی، بەڕێوبەری رۆشنبیری و هونەری سلێمانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ی ئایاری 2017 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەشە جیاجیاکانی بەڕێوبەرایەتیەکەمان زیاتر لە ٣٠٠ کار و چالاکیان ئەنجامداوە، بەشی رۆشنبیری منداڵان ١٠٠ چالاکی هەبوو، بەشی شانۆ زیاتر لە ٥٠ چالاکیان هەبووە.

بابەکر وتیشی "هەردوو هۆڵی تەلاری هونەر و هۆڵی رۆشنبیری سەر بە بەڕێوبەرایەتیمان زیاتر لە ٢٠٠ چالاکی تێدا ئەنجامدراوە، هەروەها کارکردنمان لە سەرای سلێمانی کە شوێنێکی رۆشنبیری گرنگە بەردەوامە، هەرچەندە کارەکانی زۆر دواکەوت، بەڵام لەمەودوا هیواخوازین کەس رێگریمان لێنەکات".

ئەوەشی خستەڕوو، نەبوونی بودجە و قەیرانی دارایی کاری زۆر تێکردوین، لەئێستادا لەچەند شارێک پێویستمان بەکردنەوەی ئۆفیسە بۆ بینای رۆشنبیری، بەڵام بودجەمان لەبەردەست نیە، ئەوەی له‌به‌رده‌ستماندایه‌ ئه‌و مینحەیەیە کە بۆ پایتەختی رۆشنبیری دیاریکراوە کە ئەویش بە چاودێری بۆردێکی فراوان سەرفدەکرێت بۆ کار و چالاکیەکانی سلێمانی و دەوروبەری.

بەڕێوبەری رۆشنبیری و هونەری سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، لەماوەی داهاتوودا کار و چالاکی زیاترمان دەبێت لەوانە کردنەوەی فێستیڤاڵی شمشاڵ و کۆنفرانسی سینەمایی و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ فیلم.



PM:02:29:14/05/2017