مەلا کرێکار بۆ کۆچی نەوشیروان موستەفا پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەلا كرێكار رێبەری رەوتی شاخ، لەبارەی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێكی بڵاوكردەوە‌ داوایەک ئاڕاستەی گۆڕانخوازان دەکات.

مەلا كرێكار لەپەیامەكەیدا كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بەكاریگەر ناودەبات‌ و دەڵێت "كۆچكردنی كاك نەوشیروان مستەفا كاریگەرە، بەڵام هاوڕێیانی نابێت بهێڵن ببێتە كەلێن، چونكە ئەو هەموویانی لەسەر دیدێكی روون و بەرنامەیەكی سیاسی رۆشن و لەناو حزبێكی تۆكمەی دەزگاییدا بەجێهێشتوە، خەڵكیش چاوەڕوانی زیاتریان لێدەكات، ئێمەش هەروەها”.

ئەمەی خوارەوە تەواوی دەقی پەیامەکەیە:

بۆ كۆچی دوایی بەڕێز نەوشیروان مستەفا

بِسْمِ الڵّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِیمِ
الحمد للە رب العالمین والصلاە والسلام علی رسولە اڵامین محـمد وعلی اله وصحبە أجمعین.
(إِنَّا لِڵّهِ ۆإِنَّا إِڵیْهِ رَاجِعُونَ)
بەیانی ئەمڕۆ 22 ی شەعبانی 1438/ 19 ی ئایاری 2017 هەواڵی كۆچی دوایی كاك نەوشیروان مستەفا (رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان)م پێگەیشت. لەگەڵ دەربڕینی پرسەو سەرەخۆشی خۆمدا بۆ خانەوادەو خزم و دۆستانی، ئەوە وەبیر هەموو بەرپرس و ئەندام و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەهێنمەوە (كە ئێستا ئەوانیش لە ژێر كۆڵی خەمی كۆچكردوویاندانەو، هەقیشیانە) كە گۆڕانی دیدو تێڕوانین و پێناسە سیاسییەكانی نەوشیروان مستەفا بۆ دەوروبەرو پاشان دەركەوتنی بە گوڕو تینی خودی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەردەمانی حوكمی راستەوخۆی ئیحتیلالدا تەكانێكی مێژوویی بە واقیعێكی دیكتاتۆریی ناوخۆدا كە بە هەققەت قۆناغێكی نوێی بزاوت و هەڵوێستی نیشتیمانی هێنایە كایەوە. فرەدیدیی دامەزراند، سیاسەتمەدارانی خۆیان و ئەوانی تری فێری هەڵوێستی سەربەخۆی نیشتمانیانە كرد، زیندانە لاكۆڵانیەكانی فەزح كرد، ئازادی رۆژنامەگەریی داهێنا، شەفافیەتی كردە داخوازی گەل، و دەزگا رەسمییەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی خستە ژێر چاودێریی یاسایی و میدیایی و شەعبییەوە. بێ دوودڵیی و راڕایی دەتوانرێت بوترێت كە لە دوای بەرواری 25ی تەمموزی 2009 كە رۆژی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕانە قۆناغیكی تری بیروهۆشی سیاسیی و ئاستێكی باڵاتری هۆشیارییە لە مێژوی كوردا..
كۆچكردنی كاك نەوشیروان مستەفا كاریگەرە، بەڵام هاوڕایانی نابێت بهێڵن ببێتە كەلێن، چونكە ئەو هەموویانی لەسەر دیدێكی روون و بەرنامەیەكی سیاسی رۆشن و لەناو حزبێكی تۆكمەی دەزگاییدا بەجێهێشتووە.. خەڵكیش چاوەڕوانی زیاتریان لێدەكات .. ئێمەش هەروەها..
هەنگاوی رەسەن و پارسەنگتر بۆ گۆڕانە ریشەییە داواكراوە..
كرێكار
رێبەری رەوتی شاخ


PM:09:51:19/05/2017