نهێنی مردنی نەوشیروان مستەفا ئاشکرا دەبێت.. خۆی ئەم بڕیارەی داوە

عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی باس لەوە دەکات کە چەندین جار تکایان لە نەوشیروان مستەفا کردووە کە چارەسەر بۆ نەخۆشییەکەی وەربگرێت، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە و هۆکارەکەشی ئاشکرا دەکات.

لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەتا سەراوی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە ساڵی ڕابردووەوە زانیویەتی کە کاک نەوشیروان ئەو نەخۆشییەی هەیە (زانیارییەکانی سپی جەخت لە هەبوونی نەخۆشی شێرپەنجەی سی دەکەنەوە) بەڵام ئامادە نەبووە کە چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشییەکەی وەربگرێت و وتیشی تەنانەت کە زۆر تکایان لێکردووە بەڵام ئەو هەر ڕەتی کردووەتەوە لەبەر ئەوەی جەستەی خۆی بە باشی ناسیوەو زانیویەتی نەخۆشییەکەی چییە.

لە بارەی هۆکاری ڕەتکردنەوەی چارەسەرەوە عەتا سەراوی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە کاک نەوشیروان ویستوویەتی بە پێوە بمرێت نەک لەسەر جێگە بکەوێت و هەر ئەوەشی کردووە، چونکە ئەو ویستوویەتی وەک پێشمەرگەیەک بە پێوە بمرێت.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە.



PM:12:22:20/05/2017