وەزیرێكی حكومەت: سەرجەم دەرماڵە پیشەییەكان بۆ فەرمانبەران خەرج دەكرێت

حكومەتی هەرێم سەرقاڵی تاوتوێكردنی چەند پێشنیازێكە سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران و دەرماڵە پیشەییەكان.

وەزیرێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بە "دواڕۆژ"ی ڕاگەیاندووە حكومەتی هەرێم بە نیازە لە داهاتوویەكی نزیكدا چەندین بڕیار و رێوشوێن بگرێتە بەر بەمەبەستی باشتركردنی بارودۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان.

ئەو وەزیرە حكومەتی هەرێم ئەوەشی وتووە "حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی تایبەت لەبارەی بارودۆخی ئابووری و دارایی و رەوشی فەرمانبەران لە ئێستادا چەند پێشنیازێك ئامادەكراون بۆئەوەی دوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

سەبارەت بە پێشنیازەكانیش ئەو وەزیرەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات، یەكێك لە رێوشوێنەكانی حكومەت بریتییە لە "پێدانی پارەی ئەو پرۆژانەی كە لە 80%ی كارەكانیان تەواو بووە لەگەڵ دانەوەی بەشێك لە قەرزەكانی كۆمپانیا ناوخۆییەكان".

ئاماژەی بەوەشداوە حكومەت لە هەوڵی گفتوگۆكردنی پێشنیازێكە لەبارەی پێدانی موچەی بنەڕەتی فەرمانبەران و هەموو جۆرە دەرماڵەكان جگە لە دەرماڵەی پیشەیی.

ئەو بەرپرسە حكومیە لەبارەی پلانەكانی حكومەت بۆ زیادكردنی داهات ڕایگەیاندووە "حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە سێ پاڵاوگەی گەورەی نەوت بەشێوازی ستاندارد لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم دابمەزرێنێت".

وەزیرەكەی حكومەتی هەرێم هەروەها دەڵێت "حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نیازە بەمزووانە هێڵی دووەمی راكێشانی نەوت بۆ وڵاتی توركیا تەواو بكات و لە داهاتووش هەوڵدەدات رێككەوتنێك ئەنجامبدات بۆ هەناردەكردنی نەوت لە رێگای بۆرییەكی نوێ بە ناو خاكی ئێراندا".



PM:01:04:27/05/2017