سەركردەیەكی سیاسی كورد دادگایی دەكرێت

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە كە چەندین تۆمەتی دراوەتە پاڵ لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا دادگایی دەكرێت.

مەرال دانش بێشتاش، ئەندام پەرلەمانی هەدەپە، لە وتەیەكیدا لەناو پەرلەمانی توركیا ئاشكرای كرد كە 6ی ئەیلوولی ئەمساڵ دەمیرتاش دادگایی دەكرێت.

مەراڵ ئاماژەی بەوەدا بە مەبەست دادگایی كردنەكە دوادەخرێت و ڕایگەیاند "بڕیار دراوە لە 6ی ئەیلوولی ئەمساڵ دادگایی بكرێت، دەبوایە دادگاییەكە لە ئاماد بەڕێوە بچوایە، چونكە داواكاری گشتی ئەو شارە دۆسیەی لەسەر كردوەتەوە و داوای یاسایی لەسەر تۆمار كردوە، بەڵام وەزارەتی دادی توركیا بە بەهانەی ئەوەی ئامەد لەڕووی ئاسایشەوە كێشەیان بۆ دروست دەكات و دەترسن لە كاتی دادگاییەكەدا كێشەی ئەمنی روو بدات، بۆیە گواستوویانەتەوە بۆ ئەنقەرە".

مەرال پێی وایە كە دەمیرتاش خۆشەویستی خەڵكە و كاندیدی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بووە، هەروەها وەكو سەرۆكێك ناوی دەكردوە، بۆیە بەم شێوەیە زیندانی بكەن و دادگایی بكەن لە تۆڵەكردنەوە زیاتر هیچی دیكە نییە.

پەرلەمانتارەكەی هەدەپە دەڵێت "بۆ هەر شوێنێك رۆیشتووم، شۆفێری تەكسی، ئەوانەی پێڵاو بۆیە دەكەن، سەرتاشەكان، گارسۆنەكان و هەموو چین و توێژەكان پێم دەڵێن دەمیرتاش كەی ئازاد دەكرێت؟ ئەمەش دەریدەخات كە توركیا بیری دەمیرتاش دەكات، بیری قسەكانی دەكات كە زوو زوو لەشاشەی تەلەفزیۆنەوە دەردەكەوت، بۆیە دەڵێم ئیدی بەسە ئەم ناعەدالەتییە و دەمیرتاشمان بۆ ئازاد بكەن".

ئەگەر لە 6ی ئەیلولدا دەكیرتاش دادگایی بكرێت واتە دوای 306 رۆژ لە دەستگیركردنی دەهێنرێتە بەردەم دادگا كە دەكاتە 10 مانگ، دەمیرتاش تەنیا بە بڕیارێكی سیاسی خراوەتە زیندانەوە، بۆیە هەدەپە رەخنەی لە دادگاییكردن و دەستگیركردنەكەی دەگرێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە لە 4/11/2016 دەستگیر كرا و چەندین تۆمەتی دراوەتە پاڵ.
 


PM:03:04:01/06/2017