بنەماڵەی تاڵەبانی بە توندی وەڵامی ئاڵا تاڵەبانی دەدەنە

برازایەکی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو قسانەی ئاڵا تاڵەبانی، ڕەتکردەوە کە باسی لەوە کردبوو، تاڵەبانییەکان بە ڕەچەڵەک شیعەن.

لە وەڵامی ئەو قسانەی کە ئاڵا تاڵەبانی لە میانی بەرنامەیەکی کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە نووری مالیکی کردوویەتی و باسی لەوە کردووە کە تاڵەبانییەکان سەر بە هۆزی (بەنی ئەسەد)ن و شیعەن، شێخ عەلی تاڵەبانی، برازای جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئێمە بنەماڵەی تاڵەبانین، پێم سەیرە شتی وامان بۆ نەزانیوە؟ ئێمە وەک عەشیرەت زەنگەنەین، بەڵام لەناو زەنگەنە بەحوکمی شێخایەتی، بەو نازناوەوە ناسراوین، بە ڕەچەڵەک خەڵکی ناوچەی سەنگاوین".

جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئاڵا تاڵەبانی دەمانباتەوە بۆ ڕەچەڵەکی شیعە، ئێمە سوننەیی خۆمان لێ زیادە تا ببین بە شیعە؟ دواتر خێزانی تاڵەبانی زیاتر بەرەو عەلمانیەتن تا بەرەو تایەفەگەری و ئایینگەرایی، زۆر بە مەزهەبگەراییەوە پەیوەست نین، زیاتر کەسانی عەلمانی و تێکەڵی سیاسەت بوون، بەتایبەت ئەوانەی تێکەڵی پارتی بوون یان لەگەڵ حزبی شیوعی بوون، بەتایبەت موکەرەم تاڵەبانی و د. نووری تاڵەبانی و مام جەلال زیاتر عەلمانی بوون".

ئەو برازایەی مام جەلال باسیشی لەوە کرد کە لەگەڵ ئەوەدا نییە بۆ شتێک بگەڕێنەوە کە ”هیچ بنەمایەکی نییە" و گوتی: ”ئێمە لە کوێ و بەنی ئەسەد لە کوێ؟ ناکرێت ھەر کەسێک لە خۆیەوە قسەیەک فڕێ بدات و ھیچ بەڵگەیەکیشی لەو بارەوە نەبێت، ئێمە کوردین و بنەماڵەیەکی کوردپەروەرین، بۆ خۆمان بچووک بکەینەوە و بۆ خۆمان بەکەم بزانین؟ بۆ ڕەچەڵەک بۆ خۆمان دروست بکەین؟".

 شێخ عەلی تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە: ”ھەر کەسێک قسەیەک دەکات بۆ موجامەلەی ئەملا و ئەولا بەناوی بنەماڵەی تاڵەبانییەوە، ئەوە زۆر خراپە".

بە ڤیدیۆ قسەکانی ئاڵا تاڵەبانی ببینە



PM:03:34:03/06/2017