كچە بەڕێوەبەرێكی قوتابخانە لە شەوی مارەبڕیندا كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

كچە بەڕێوەبەرێكی یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری هەولێر لەشەوی مارە بڕیندا‌و پاش ئەوە خۆشەویستەكەی پەشیمان دەبێتەوە، كۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.

لەم چیرۆكە راستەقینەوە‌و تراجیدیەدا كە ماڵپەڕی وشە بڵاوكردوەتەوە هاتووە: ئاشنا یاسین /33 ساڵ/ بەڕێوەبەری یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری هەولێر، دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ پیاوێكی خێزاندار بەناوی "محەمەد" پێوەندی خۆشەویستی دەبەستێت و بڕیاری هاوسەرگیریی دەدەن، بەڵام محەمەد لەكاتی مارەكردندا پەشیمان دەبێتەوە، بۆیە ئاشنا بە دەمانچە خۆی دەكوژێ.

دایكی ئاشنا كە ئازاری لەدەستدانی كچە تاقانەكەی وەك خۆی گوتی تەنیا هەناسەی لە جەستەیدا هێشتووەتەوە، بۆ "وشە" باسی چیرۆكی جگەرسووتانەكەی دەكات و دەڵێ، "كچەكەم لەوەتەی هەبوو نەگبەت بوو، چونكە سێ مانگ دوای لەدایكبوونی ئاشنا، باوكی كە پێشمەرگە بوو هێشتا كچەكەی نەبینیبوو، بەهۆی ئەوەی لە شاخ بوو هەواڵی شەهیدبوونیمان پێ گەیشت، بەبێ باوكی و نەبوونی و بێ كەسی بەخێوم كردن لەگەڵ سێ براكەیدا".

ئاشنا خاوەنی سێ برایە، دوو لە براكانی لەگەڵ خێزانەكانیان لە ئەوروپا دەژین و برایەكەی تری لە هەولێرە، دوای خۆكوشتنی ئاشنا ئەوەی ئازاری دایكی زیاتر كردووە، "بەدوادانەچوونی براكانیەتی بۆ وەرگرتنەوەی مافی خوشكەكەیان".

دایكی ئاشنا بەردەوام دەبێت و فرمێسكی چاوەكانیشی تا دێت زیاتر دەبن، "ئاشنا لە قوتابخانە زۆر زیرەك بوو، هەمیشە دەیگوت دەبێت ببم بە مامۆستا، خەونەكەی بەدی هێنا، بگرە دوای چەند ساڵێك بوو بە بەڕێوەبەری قوتابخانە".

لەو قوتابخانەیەی ئاشنا بەڕێوەبەری بوو، محەمەد مامۆستایەتی دەكرد و لەوێ یەكیان ناسی، ئەوكات محەمەد خێزانی هەیە، بەڵام بە ئاشنا ناڵێت. دایكی دەیگێڕێتەوە كە كچەكەی هیچی لێ نەشاردووەتەوە و هەرزوو بابەتی محەمەدی بۆ باس كردووە كە لە دەوام تەنگی پێ هەڵچنیوە و داوای هاوسەرگیریی لێ كردووە، ماوەیەكی زۆر بێزاری كردبوو، دواتر نازانم چۆن ڕازی كردبوو بوون بە خۆشەویستی یەكتر. دایكی دووپاتی دەكاتەوە "دوای ماوەیەك لە خۆشەویستی، ئاشنا زانی محەمەد خێزانی هەیە، ئیتر وازی لێ هێنا".

 ئاشنا بە دایكی دەڵێت وازمان هێناوە، بەڵام دایكی وەك خۆی ئاماژەی بۆ دەكات دڵنیایە لەوەی وازیان نەهێناوە و محەمەد هەر بەدوای كچەكەیەوە بووە. ماوەیەك تێدەپەڕێت و محەمەد دەچێتە لای دایكی ئاشنا بۆ داخوازی، بەڵام چۆن داواكردنێك "تەنیا محەمەد و ئاشنا و دایكی" پێی دەزانن.

"محەمەد هێندە نابەرپرسانە بوو لە ئاست ژنەكەی و منداڵەكانی و تەنانەت ئاشنایشدا، داوای ئەوەی لێ كرد كە هاوسەرگیری بە دزییەوە بكەن و جگە لەو سیانەیان كەسی تر نەزانێت. بۆیە من دەرمكرد و دوای ئەو داواكردنە، بەهەموو شێوەیەك رێگریم لە ئاشنا كرد پێوەندی لەگەڵ محەمەد بمێنێ"، دایكی ئاشنا وای گوت.

ئەو ژنە بۆ سەركەوتنی لە دوورخستنەوەی كچەی لە محەمەد، ئاشنا ناچار دەكات مۆڵەت وەربگرێت و پێكەوە دەچنە دەرەوەی وڵات بۆ لای كوڕەكەی. "ماوەی مانگێك ماینەوە، هەموو هەوڵێكم دا محەمەد لە دڵی كچەكەم بسڕمەوە بە بڕوای خۆم توانیم ئەوە بكەم، بەڵام ئەوەی دواتر بینیم پێچەوانە بوو".

دایكی ئاشنا كە هیچ شتێك قەرەبووی كچەكەی بۆ ناكاتەوە، لە قسەكردن بەردەوامە و بە هەنسكی زۆرەوە روونی دەكاتەوە، "محەمەد لەو قوتابخانەیە خۆی گواستەوە كە ئاشنا بەڕێوەبەری بوو، بەوەش ئاشنا بۆی سەلماندم كە پێوەندییان نەماوە، بەڵام دوای ماوەیەك محەمەد پێوەندی بە منەوە كرد و گوتی ئاشنام دەوێت بەخۆشی بێت یان ناخۆشی و چەندان جۆر هەڕەشەی كرد، ویستم بە كوڕەكانم بڵێم، بەڵام ئاشنا زۆر گریا و پاڕایەوە كە بەدڵ لەگەڵ محەمەد یەكیان خۆش دەوێت و من لێكیان نەكەم".

بۆ جاری دووەم، محەمەد لەگەڵ براكانی و چەند خزمێكی دەچێتە داوای ئاشنا، جاری یەكەم براكانی ڕازی نابن، دوای چەند جارێك لە داواكردنی و بێ ئەنجامی، ئاشنا خۆی دێتە دەنگ و دەڵێ تەنیا شوو بەو كوڕە دەكەم رازی بن یان نا ئەمە قسەی كۆتایە، ئەم هەڕەشەی ئاشنا وای كرد بە محەمەدی شاد بكات و هەمووان رازی بن.

بەهۆی ئەو رووداوەوە، هاوسەرەكەی محەمەد تۆراوە و لە ماڵی باوكی بووە، بەڵام ئەو شەوەی دەبووایە ئاشنا مارە بكرێت، خێزانەكەی دەگەڕێتەوە و دیار نییە چی رووی داوە، بەڵام محەمەد تەلەفۆن بۆ ئاشنا دەكات و رای دەگەیەنێ كە چیتر نایەوێ بیناسێت. ئەم پێوەندییە هەستیار و لەناكاوە ئاشنا و دایكی شۆك دەكات و بەگوتەی دایكی "وامدەزانی خەونە، بیرم لەوە دەكردەوە چی بە براكانی و خەڵك بڵێم".

ئاشنا لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و بە دایكی دەڵێت دەیەوێ لەگەل محەمەد قسە بكات، دایكی كە حاڵی كچەكەی دەزانێت دوای دەكەوێت، دەبینێ ئاشنا دەچێتە بەردەم ماڵی محەمەد و دەیەوێ قسە لەگەڵ محەمەد بكات، "دەنگی ئاشنا و محەمەد و خێزانەكەی لەو كۆڵانەدا دەنگی دەدایەوە، فریا نەكەوتم بگەمە كچەكەم و سواری سەیارەكەی بوو و ئەوە دواین بینینمان بوو، دوای دوو سەعات لە نەخۆشخانەوە پێوەندییان كرد كە كچەكەم فیشەكێكی بەسەری خۆیەوە ناوە".

ئاشنا شەش ڕۆژ لە غەیبووبە دەمێنێتەوە دواتر گیانی دەسپێرێت، بەدوایدا محەمەد دەگیرێت، بەڵام لەبەر ئامادەنەبوونی براكانی و هیچ كەس لە خێزانی ئاشنا لە دادگا و نەبوونی سكاڵا، هیچ سزایەك بەسەر محەمەد نایەتە سەپاندن.

دایكی ئاشنا خەمی گەورەی دوای خۆكوشتنی كچكەی، كوڕەكانیەتی كە پێیان گوتووە "كچەكەی خۆت بەدڕەوشت بووە، دەنا پێوەندی لەگەڵ پیاوێكی وەك محەمەد دروست نەدەكرد و بەبێ ویستی ئێمە شووی پێ نەدەكرد، ئەوە بەشی خۆی وەرگرت، گوتیشیان ئەگەر بچیتە دادگا، ئەوا دەبێت حاشا لە ئێمەیش بكەی، منیش كە كچەكەمم لە دەست داوە، نامەوێ كوڕەكانیشم بدۆڕێنم، بۆیە هۆكاری لەدەستدانی كچەكەم دەدەمە دەست خودا".




PM:11:31:05/06/2017