چۆنێتی دەستکاریکردنی مووچە ئاشکرا دەبێت
بزانە مووچەی فەرمانبەران چەند زیاد دەکرێت؟

چۆنێتی دەستکاریکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم ئاشکرا دەبێت و بەپێی دوا پێشنیار دەستکاری دەرماڵە دەکرێت و هەندێكی ناهێڵرێت و هەندێکی کەم دەکرێتەوە، مووچەی بنەڕەتی و هەندێک درماڵە جێگیر دەکرێت.

ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان بە ماڵپەڕی باسی راگەیاندووە ”لە ھەرێمی کوردستان کۆی ئەو پارەیەی بۆ مووچەی بنەڕەتی دەڕوات ٤٣% یە، بەڵام ٥٧%ی مووچە بۆ دەرماڵە جۆراوجۆرەکانە، بۆیە پێشنیازێک لە حکوومەت ھەیە کەوا مووچەی بنەڕەتی لەگەڵ ھەندێک دەرماڵەی جێگیر بدرێت، لەوانە دەرماڵەی خێزان و منداڵ و دەرماڵەی بڕوانامە".

ئەو، کە پێشووتر لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە راوێژکار بووە، روونی کردۆتەوە  "پارەیەکی زۆر بۆ دەرماڵەکان دەڕوات، گوتیشی: ”لەو ٥٧%ی پارەی دەرماڵە ٣٠%ی پارەکە بۆ دەرماڵە پیشەییە جۆراوجۆرەکانە، بەشی زۆری ئەو دەرماڵە پیشەییانە بە بێسەروبەری دەدرێت و زۆرێکیان پێویست نین بدرێن".

سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان دەڵێت ”ئێستا بە سیستەمی پاشەکەوت مانگانە ٦٢٠ ملیار دینار بۆ مووچە خەرج دەکرێت، ئەگەر سیستەمی پاشەکەوت ھەڵبگیرێت و تەنیا  مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان بە فەرمانبەران بدرێت، حکوومەت پێویستی بە ٦٥٠ ملیار دینار دەبێت و لە پاشەکەوت رزگاری دەبێت".

ئەگەر حکوومەت ئەو پێنشنیازە بکاتە بڕیار، ئەو کاتە کۆی پارە بۆ مووچە ٣% زیاد دەکات.

ئاشکرای دەکات، بەم سیستەمە حکوومەت چیتر ناکەوێتە ژێر قەرزی مووچەی پاشەکەوتی فەرمانبەران، کە ئێستا زیاتر لە ٩ تریلیۆن دیناری پاشەکەوتی مووچە قەرزاری فەرمانبەرانە.

ئەو بەرپرسە دەشڵێت ”لە سیستەمی بایۆمەتریدا ٢٠ بۆ ٣٠ ھەزار دوومووچەیی نامێنێت و لەکۆڵ حکوومەت دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر ئەو پێشنیازە جێبەجێ بکرێت، حکوومەت بەئاسانی و بەبێ کێشە دەتوانێت مووچە دابەش بکات".

ئاراس خۆشناو پێیوایە، کاتی جێبەجێکردنی سیستەمی مووچە دابەشکردنی بە بایۆمەتری لە مانگی ٨ی ئەمساڵ دەبێـت و دەتواندرێت باشترین پێشنیاز بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە جێبەجێ بکرێت.




AM:09:41:06/06/2017