بەهۆی ئاگركەوتنەوە دەیان دۆنم زەوی جوتیارانی شارەزورۆ پێنجوێن سوتا

سەرلەبەیانی ئەمرۆ ئاگرێك لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی شارەزور كەوتەوە كە تا ئێستا زیاتر لە 60 دۆنم زەوی گەنمی جوتیاران سوتاوە.

بەوتەی شایەد حاڵەكان ئاگرەكە لە دەشتەكانی نزیك گوندی قەرەگۆل لە ناوچەی وارماوە دەستی پێكردوە كە زیاتر لە 60 دۆنم زەوی گەنم‌و پوش‌و پاوانی جوتیارانی ناوچەكە سوتا‌و تا گەیشتنی ئەم هەواڵە هێشتا ئاگركە كۆنترۆڵ نەكراوە.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند: لەسنوری گوندەكانی هەڵاڵاواو كۆشكەوەو قزەڵجەو سەردەرە لە دوو كاتی جیاوازدا و بەهۆكارێكی نادیار ئاگر لەدارستان و پوش و پاوەنی ئەو سنورە كەوتەوە، دەست بەجێ مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن گەیشتنە شوێنی ئاگركەوتنەوەكە و بەهەوڵ و ماندو بونێكی زۆری ئەفسەر و كارمەندانی ئەوبەشە توانرا ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد: بەهۆی ئەو ئاگركەوتنەوەوە زیاتر لە 110 دۆنم دارستان و پوش و پاوەن سوتا و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ هۆكاری ئاگر كەوتنەوەكە بەرەوامە.



PM:01:27:06/06/2017