سەرۆكی دوو گەورەترین وڵاتی جیهان عاشقی خانمێك دەبن

هەریەكە لە ڤلادمێر پۆتین سەرۆكی ڕوسیا و دۆناڵد ترەمپ بە خانمێكی ئەمریكی سەرسامن و ترەمپ داوای لێكردوە بە خۆڕایی لە هۆتێلەكەیدا بمێنێتەوە.

ڤلادێمیر پوتین سەرۆكی رووسیا، نەیتوانی سەرسامیی خۆی بە یەكێك لە بێژەرە جوانەكانی میدیای ئەمریكی بشارێتەوە، ئەو بێژەرەی پێشكەشكاری پرۆگرامی سیاسییە لە كەناڵی NBC ئەمریكی و ناوی "میگن كیلی" یە و دیدارەكەیشی لەگەڵ پوتین لە میدیای ئەمریكی بە دەگمەن ناوبرا، چونكە سەرۆكی رووسیا زۆر كەم دیداری تەلەفیزیۆنی ئەنجام دەدات.

میگن، دوو جار لە پەراوێزی لوتكەی سانت پیتەرسبۆرگ سەرۆكی رووسیای بینیووە، پێش رۆژێك لە دیدارە تەلەفیزیۆنیەكەش چاوی بە پوتین كەوتبوو.

لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە سەرۆكوەزیرانی هیندستانیش دەردەكەوێت، پوتین بە سەرنجەوە لە روخساری كیلی دەڕوانێت، دواتر وەرگێڕەكەی هاوكاری قسەكانی بۆ دەگوازێتەوە و دەڵێت"سەرۆك ناتوانێت قسەت لەگەڵ بكات"، لەو كاتەدا میگن هەندێك دەشڵەژێت و دەپرسێت "كەی ناتوانێت قسەم لەگەڵ بكات؟ ئەمڕۆ یان سبەینێ؟".
وەرگێڕەكە وەڵامی پێشكەشكارەكە دەداتەوە و قسەكانی پوتینی پێدەڵێت "تەماشای خۆت بكە.. تۆ زۆر جوان و قەشەنگیت".
لە وەڵامدا كیلی دەڵێت" رێگەی تایبەتی لە بەردەمم هەیە بۆ ئەوەی گوێم لێی بێت".
بەڵام گرتە ڤیدیۆییەكە لە لایەن ئەو كەسانەی لە یوتیوب تەماشاكراوە، رەخنەی لێگیراوە، چونكە ئەو جل و بەرگە رەشە نیمچە رووتە، لەبەركردنی بۆ دیداری سەرۆكی دەوڵەتێكی گەورە كە سەرۆك وەزیرانی هیندستانیش دانیشتووە بە گونجاو نەزانراوە.

تەنانەت یەكێك لەوكەسانەی كۆمێنتی نووسیووە، جل و بەرگەكەی كیلی بە جل و بەرگی ناودارترین "لەشفرۆشی" ناو سینەمای ئەمریكی ناوبردووە كە ئەكتەری ئەمریكی جۆلیا رۆبەرتس لە فیلمی Pretty Woman رۆڵەكەی بینیووە.

رۆژنامەی Express بریتانی بە وردی سەرنجی دیدارە تەلەفیزیۆنییەكەی پوتین و كیلی داوە و نووسیوویەتی "لە كاتی دیدارەكەشدا پوتین هەر چاوی لەسەری بووە و دەستی لە سەرنجدان و تەماشاكردنی كیلی و ستایشكردنی هەڵنەگرتووە.

هەر بۆیە لە وەڵامی پرسیارێكی كیلی دا دەربارەی پەیوەندی نێوان سەرۆكی رووسیا و مایكل فلین، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا كە ترەمپ بەهۆی گوومانی بوونی پەیوەندی لەگەڵ رووسیا دووریخستەوە، پوتین بە پێشكەشكارەكە دەڵێت "من و تۆ پەیوەندیی تاكەكەسیمان زیاترە تا پەیوەندی من لەگەڵ بە ڕێز فلین".

هەروەها دەڵێت "من و تۆ دوێنێ یەكتریمان بینی، من و تۆ بە درێژایی ئەمڕۆ كارمان كرد، ئێستاش جارێكی دیكە چاومان بە یەكتری كەوتەوە".


كیلی تەمەن 46 ساڵان، بە یەكێك لە سەركەوتووترین پێشكەشكاری بەرنامە سیاسییەكانی ئەمریكا دادەنرێت، كاری بۆ تۆڕی Fox دەكرد پێش ئەوەی بچێتە كەناڵی NBC و چەندین كتێبی لەبارەی ئەزموونی كاری میدیایی خۆی هەیە و باسی ئەو هەڵوێستانەی تێدایە كە رووبەڕووی وروژاندنی سێكسی بووەتەوە لە كارەكەیدا و بەرتیلیشیان خستووەتە بەردەستی و هەوڵی بێدەنگ كردنیان داوە".

هەروەها ئەوەیشی ئاشكرا كردووە كە دۆناڵد ترەمپ چەندین دەستپێشخەری سەرنجڕاكێشی بۆ كیلی هەبووە بۆ ئەوەی بە خۆڕایی لە هوتێلەكانی ئەودا نیشتەجێ ببێت تا بە شێوەیەكی ئیجابی رووماڵی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی بۆ بكات.

دیدارێكی تەلەفیزیۆنی نێوان كیلی و ترەمپ ناوبانگێكی زیاتری بۆ میگن پەیداكرد كاتێك پرسی "تۆ خانمانت بە قەڵەوەكان و بەرازەكان ناوبردووە"، بەڵام ترەمپ نكۆڵی لەو قسەیە كردو وتی "من رێزی ژنان دەگرم".




PM:03:52:06/06/2017