ڕابیتەى ئیسلامى جیهانى ئاشکرایکرد یوسف قەرزاوی لە ئەندامێتى ئەنجومەنى فیقهی سەر بە ڕابیتەکە دەرکردووە.
ڕابیتەى ئیسلامى جیهانى ئاشکرایکرد یوسف قەرزاوی، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ڕابیتەکە لە ئەندامێتى ئەنجومەنى فیقهی سەر بە ڕابیتەکە دەرکردووە.
ئەوەش پاش ئەوەدێت ئەمڕۆ سعودیە و ئیمارات و میسر و بەحرێن ناوى 59 کەسیان خستە لیستى تیرۆرەوە کە یوسف قەرزاویشی تیادابوو.
بەیاننامەکە کە بە ناوى وڵاتانى سعودییە و ئیمارات و میسر و بەحرێن بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە ئەم کەسایەتیانە دەستیان لە "تیرۆری جیهانى و ناوچەیدا" هەبووە و لەلایەن قەتەرەوە پشتگیرییان لێدەکرێت.
دیارترین ئەو کەسانەى کە ناویان لە لیستەکەدا هاتووە بریتین لە " یوسف قەرزاوى، محەمەد ئیسلامبولى، تاریق زمر، محەمەد عەفیفی، محەمەد سەغیر، وەجدى غەنیم، عەبدلحەکیم بەلحاح، ئیسماعیل سەلابی".
ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی 5ی حوزەیران بە تۆمەتى پشتگیریکردن لە تیرۆر هەریەک لە وڵاتانی عەرەبستانى سعودى و میسر و ئیمارات و بەحرەین پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاند و ئاسمان و بەندەرەکانى وڵاتەکانیشیان بەڕووى فڕۆکە و کەشتییەکانى ئەو وڵاتەدا داخست.
ڕابیتەى ئیسلامى ڕێکخراوێکى جیهانى ئیسلامییە و لە ساڵی 1962 وە دامەزراوە و لە بوارەکانى بانگەوازى ئاینى و خێرخوازى و فیقهی کار دەکات.
یوسف قەرزاوی لەساڵی 1926 لە میسر لەدایک بووە و لەساڵیی 1961وە لە قەتەر نیشتەجێیە و لەساڵی 1977 کۆلێجی شەریعەی بۆ لێکۆڵینەوە ئیسلامیەکان لە زانکۆی قەتەر دامەزراندوە و ئەندامییەکێتی زانایانی جیهانی و ئەندامی ئەنجومەنی ڕابیتەی ئیسلامی جیهانە.