سەیران چیرۆکی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەری لەلایەن خۆشەویستەکەیەوە دەگێڕێتەوە

ڕۆژنامەی وشە لە ڕاپۆرتێکیدا باس لە كچێك لە ڕانیە دەکات کە ماوەی دوو ساڵ پێوەندی لەگەڵ كوڕێك دەبێت، دواتر لەلایەن كوڕەكەوە دەكرێت سێکسی لەگەڵ دەکرێت و وازی لێ دەهێنرێت و کوڕەکە هاوسەرگیری دەکات.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکیدا نوسیویەتی "سەیران تەمەنی ٢٦ ساڵە و دەرچووی شەشی ئامادەیییە، بەهۆی ئەوەی تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت، واز لە خوێندن دێنێ، ئێستە ژیانی سەیران لە چواچێوەی ماڵەوەدایە، بەهۆی هەڕەشەی "دەوەن"ـەوە ناتوانێ نە كار بكات نە هاوسەرگیریی. ئەو كچە شۆخ و شەنگە ئێستە بەدوای ڕێگەچارەیەكدا دەگەڕێت بۆ كێشە پەنگخواردووەكەی كە بەم شێوەیە بۆ "وشە" دەیخاتە ڕوو".

ڕۆژنامەکە بەم شێوەیە ژیانی سەیرانی لە زاری خۆیەوە گێڕاوەتەوە.. تەواوی ڕاپۆرتەکە بخوێنەرەوە

"باوكی دەوەن لەگەڵ باوكم هاوپیشە بوون، هاتوچۆی خێزانیمان هەبوو، دەوەن كوڕێكی زۆر جوان و سەرنجڕاكێش بوو، من هەرزوو خۆشم ویست، دوای ماوەیەك ئەویش پێی گوتم هەستی بۆ من هەیە، ئیتر پێوەندیمان دروست بوو، دایكی من و باوكی دەوەن ئاگاداری هەموو شتێك بوون، بۆیە دڵنیایی تەواوم هەبوو پێوەندییەكە ڕاستەقینەیە و داهاتووی روونە"، ئەمە بەشێكە لە گوتەكانی سەیران و سەرەتا خۆشەكەی ژیانی.

دوای ماوەیەكی زۆر لە پێوەندیەكی گەرموگوڕ لە نێوان سەیران و دەوەن، ئیشی هاوبەشەكەی باوكیان نامێنێ، لەگەل نەمانی ئەو كارەدا، پێوەندی ئەو دوانەیش بەرەو نەمان دەچێت.

سەیران بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی، "چاوەڕوانی ئەوە بووم دەوەن بێتە داوام و ڕێگە نەدات دووركەوتنەوەی باوكم و باوكی لە كاردا، كاریگەریی لەسەر خێزانی هەردوولا دروست بكات، بەڵام بە پێچەوانەوە بوو، دەوەن خۆی لە من دوور دەخستەوە، وای لێ هات وەڵامی تەلەفۆنی نەدەدامەوە و ماوەیەكی زۆر لەبەر من ژمارەكەی داخست".

سەیران ڕۆژ دوای ڕۆژ حاڵی خراپتر دەبێت، سێ جار حەب دەخوات و دوو جار پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبات، دواجار دەكەوێتە نەخۆشخانە، پزیشكەكان ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی دەكەن بۆ سلێمانی. ماوەی مانگێك لەوێ دەمێنێتەوە، بەڵام لەو ماوەیەدا ڕووبەڕووی نەشیاوترین شت دەبێتەوە لەلایەن دەوەنەوە.

سەیران كە ئێستە خۆزگە بەوە دەخوازێت نەخۆشییە دەروونییەكەی لە جیاتی ئەوەی چاك ببێت، خراپتری بكردایە تا ئاستی شێتبوون، زیاتری گوت "ماوەی 10 ڕۆژ بوو لە نەخۆشخانەی دەروونی كەوتبووم، دەوەن پێوەندی پێوە كردم و گوتی تۆ نەخۆشی منی و من دەتوانم چاكت بكەمەوە، ئێستە بەڕۆژووم ئێوارە دوای بەربانگ دێمە لات و چاكت دەكەمەوە، راستیشی كرد، چونكە دوای ئەو قسانەی دەوەن لە خۆشیدا خەریك بوو باڵم دەگرت".

ئەم خۆشییەی سەیرانی دڵپاك و راستگۆ تەنیا چەند سەعاتێك دەخایەنێ بەهۆی نیازخراپیی دەوەن كە هەر ئێوارەكەی لێی تاڵ دەكات و كچێنی لێ دەسێنێتەوە، بەڵام بەو گێچەڵە ترسناكەیشەوە سەیران بە "ئومێدێكی بچووك" دەسپێرێ و پێی دەڵێ، "تۆم كرد بە ژن بۆ ئەوەی ماڵەوەمان رازی بن داخوازیت بكەن". بەڵام سەیران هیچ رەزامەندییەكی نەبووە لەو دەستدرێژییەی خۆشەویستەكەی ئەوكاتی لێی كردووە.

وەك خۆی دەیگێڕێتەوە "دەوەن هات بەدواما بۆ نەخۆشخانە و گوتی پێویستت بە گۆڕینی جەو هەیە، چووین بۆ دەرەوەی شار". سەیران دووپات دەكاتەوە كە بەهەموو شێوەیەك ڕێگر بووە لەوەی لێی نزیك بێتەوە، بەڵام دەوەن دوای ئەوەی ئۆتۆمۆبێل ڕادەگرێت و دەرگەكانی دادەخات، چیی ویست كردی.

"ژیانم بەتەواوی وێران بوو، مانگێك لە نەخۆشخانە مامەوە، هەر چاوەڕێ بووم دەوەن پێوەندی بكات و بڵێ دێمە داوات، بەڵام نەیكرد تا لە نەخۆشخانە چوومە دەرەوە، دوای ئەوە ڕووبەڕوو پێێ گوتم ماڵی ئێمە گوتوویانە كچێك ئامادە بێت كچێنی خۆی بداتە تۆ، بێ ئەوەی هاوسەرگیریت لەگەڵ بكات، بێگومان پێشتر لەگەڵ 100 كەسی تر رایبواردووە، ئێمە بەر ماوەی كەس ناكەین بە بووكمان". ئەمە گوتەیە زۆر خەمناك و رۆژە رەشەكەیە كە سەیران هەرگیز بیری لێ نەكردووەتەوە.

زیاتر گوتی "دوای بیستنی ئەو قسانە بەشێوەیەك تاساوم، تا ئێستەش لەناو خۆمدا وێڵم و نەهاتوومەتەوە سەرخۆم، پێم وا نییە هیچ قسەیەك هێندە جەرگبڕ بێت، بەڵام ئەوان نەك هەر جەرگیان بڕیم، ژیانیان وێران كردم".

رۆژان دەڕوات، سەیران بە خەمگینی خۆیەوە دەناڵێنێت و دەوەن دوای چەند مانگێك هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، بەڵام بەوەیشەوە ناوەستێ و هەڕەشە لە سەیران دەكات و دەڵێ، "تا ماوی دەبێت ئاوا بژیت و سەرشۆڕی من و خێزانەكەیشم بی". ئەم گوتانە بۆ كچێكی راستگۆی كورد زۆر ئەستەمە لە كاتێكدا تەنیا خۆشەویستیی پێشكەش كردووە.

سەیران كە لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆیدا هێندە گریا هەناسەی تەنگ بوو، دەیگوت "ئەوەی بە من كرا بە كەس نەكراوە و ناكرێ، ئەوە چیرۆكە شاراوەكەی ماڵی ئێمەیە، بەڵام لە هەموو ماڵێكدا چیرۆكێكی تاڵتر هەیە، كچێكی تر قوربانییە، كولتوور یان ئاین یاخۆ پیاوسالاری یان بێ مافی و بێ یاسایی، بە قەدەری سپاردووین".



PM:09:36:09/06/2017