پەرستارێك لە نهۆمی شەشەمی نەخۆشخانەیەكەوە كەوتە خوارەوە

پەرستارێك لە نهۆمی شەشەمی نەخۆشخانەیەكەوە كەوتەخوارەوە بەسەر پزیشكێكدا، لە ئاكامدا پزیشكەكە گیانی لەدەستدا.

ماڵپەڕی بی بی سی ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، لە وڵاتی كۆڵۆمبیا پەرستارێك لە نهۆمی شەشەمی نەخۆشخانەیەكەوە كەوتەخوارەوە بەسەر پزیشكێكدا و بەهۆی ڕووداوەكەوە كە لە شاری كالی ئەو وڵاتە ڕوویداوە، پزیشكەكە كە ناوی ئیزابێل مونۆز بووە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستداوە.

بە وتەی پۆلیس، مونۆز ویستویەتی بچێت بۆ كافتریای نەخۆشخانەكە كاتێك ماریا ئیزابێل گۆنزالێز كە پەرستاری دەخوێنێت كەوتووە بە سەریا.
هەر بەهۆی ڕووداوەكە ماریا هەندێك شوێنی جەستەی شكاوە، بەڵام بە وتەی پزیشكەكان تەندروستی جێگیرە.

خوان كارلۆس بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە ڕایگەیاند "نازانین چی ڕوویدا، تەنیا ئەوە نەبێت كە ئێستا لە تراژیدیادا دەژین و بارودۆخێكی زۆر سەختە".

هاوكات هۆكاری كەوتنەخوارەوەی پەرستارەكە نازانرێت و پۆلیسیش پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كردووەتەوە.


PM:02:18:16/06/2017