بۆچی هێرۆ ئیبراهیم هەڵوێستی خۆی لەسەر یەكێتی‌و گۆڕان بڵاوكردەوە؟؟

دوێنی لەكۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتی‌و لەكاتی گفتوگۆكردن لەسەر رێكەوتنی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەوێ ئامادە نەبووە، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی بەناوی ئەوەوە راگەیاندوە كە "هێرۆخان" لەگەڵ یەكگرتنی هەردوو فراكسیۆنەكەدا نیە. ئەمەش هێرۆ ئیبراهیم ناچار دەكات كە روونكردنەوەی خۆی لەوبارەیەوە بڵاوبكاتەوە.

سەرچاوەیەك لەیەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بە سپی راگەیاند: لەكۆبوونەوەی دوێنێ 18/6/2017 یەكێتی لەكاتی گفتوگۆكردن لەسەر رێكەوتنی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە مەبەستی ئاشتكردنەوەی رەفعەت عەبدوڵا، كە لەسەر ئەو بڕیارانەی یەكێتی بەرامبەر بە چەمچەماڵ ذرابوون نیگەران ببوو، سەردانی ناوبراو دەكات.

لە غیابی هێرۆ ئیبراهیم‌و  لەكۆبوونەكەی سەركردایەتی یەكێتی باس لە جێبەجێكردنی رێكەوتننامەی گۆڕان‌و یەكێتی كراوە‌و مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی بەناوی هێرۆ ئیبراهیمەوە ئاماژەی بەوە كردوە كە ئەو لەگەڵ یەكگرتنی فراكسیۆنەكانی یەكێتی‌و گوڕان لەسەر ئاستی پەرلەمانەكانی عێراق‌و كوردستان‌و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا نیە، دواتر سەرکردایەتی یەکێتی، جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە ئاراستەی سەركردایەتی هاوبەشی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی کرد کە ئەوان راسپێردراون رێککەوتنەکە جێبەجێبکەن. 

سەرچاوەكەی سپی ئاماژەی بەوەكرد كاتێك هێرۆ ئیبراهیم لە سەردانی رەفعەت عەبدوڵا دەگەڕێتەوە كۆبوونەوە تەواو بووە‌، ناوبراو بۆ ئەوەی هیچ گومانێك نەمێنێت لەسەر هەڵوێستی ئەو لەسەر رێكەوتنی یەكێتی‌و گۆڕان، روونكردوەیەك بڵاودەكاتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی سپی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی یەكێتی لەبەر رۆشنایی كۆبوونەوەی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی لە ٤/٢٦ ئەو قسانەی كردبوو كە كاتێك ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی داوای كردبوو فراكسیۆنەكان یەكبگرنەوە، بەهۆی ئەو ناكۆكییەی لەنێوان هێرۆ ئیبراهیم‌و ئاڵا تاڵەبانی دا هەیە، هیرۆ ئیبراهیم داواكەی رەتكردبووە.

كۆبوونەوەی دوێنێ یەكشەممەی سەركردایەتی یەكێتی مەلا بەختیاری لەبەر رۆشنایی ئەو هەڵوێستەی هێرۆ ئیبراهیم ئاماژەی بەوەكردوە كە ناوبراو لەگەڵ یەكخستنەوەی فراكسیۆنەكاندا نیە، بەڵام پاش كۆبوونەوەكە هێرۆ ئیبراهیم رونكردنەوەكە بڵاودەكاتەوە.



PM:03:30:19/06/2017