ئەندامێکی جڤاتی گۆڕان هێرشێکی توند دەکاتە سەر قوباد تاڵەبانی

ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لە چەمچەماڵ، هێرشێکی توند دەکاتە سەر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت.

عەبدوڵای کوێخا موبارەک لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەسەر کۆنگرە رۆژنامەگەریەکەی دوێنێ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی دەربارەی بارگرژیەکانی چەمچەماڵ دەنووسێت" دوێنێ لە کۆنفرانسی ئاڵوگۆڕی قائیمقامی پێشو نوێی چەمچەماڵدا قوباد تاڵەبانی ئامادە دەبێت، جەنابیان لە وتارێکدا بە ناڕاستەوخۆ ھەڕەشەی توند لەوانە دەکات کە دژی حکومەت و ئیدارە شکست خواردوەکەیانن و ڕەخنەیان لێ دەگرن و ئەڵێت ئەوانەی لەسەروی یاساوە خۆیان دەبینن لێیان قبوڵ ناکەین و ئیجرائاتمان دەبێت بەرامبەریان."

ئەو ئەندامەی چڤات دەنووسێت "من لێرەدا ئەم وەڵامەم ھەیە بۆ قوباد:١-جەنابتان بە چی یاسایەک ئامادەی ئەو ئاڵوگۆڕە بون؟ چونکە ئەوە کاری ئەنجومەنی پارێزگایە نەک ئێوە، لێرەدا وادەرەکەوێت کە جەنابتان حیساب بۆ یاسا نەکەن و خۆتان لە سەروی یاسا ببینن.
٢-لەکاتێکدا ئێوە ئەڵێن لەوانەی قبولناکەین کە خۆیان لەسەروی یاساوە دەبینن، بەڵام لە ھەمان کاتدا و بە شێوەیەکی کرداری ئێوە بوونەتە پاشکۆی ئەوانەی کە لەسەروی یاساوە بڕیاری دورخستنەوەی وەزیرەکانی کابینەکەی تۆیاندا، ئەی بۆ قبوڵی دەکەیت؟!
٣-پێویست بوو لەبری ئەو ھەڕەشە کردنە داوای لێبوردن لە خەڵکی چەمچەماڵ بکەیت، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەم سنورە گیرۆدەی ژیانێکی ئێجگار قورس و پڕ دەرد و مەینەت بونەتەوە لە سایەی حکومەتە شکست خواردوەکەی جەنابت و سنورەکەمان توشی کێشمەکێش و دابڕان و فەرق و جیاوازیەکی زۆری سیاسی، چینایەتی و کۆمەڵایەتی بوە".

ئەو ئەندامەی جڤاتی گۆڕان کە پێیوایە قسەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئاراستەی ئەو کراوە، دەنووسێت" ئەگەر مەبەستی جەنابت لەو ھەڕەشانەی کە کردت ئێمە بێت کە وا لێکدانەوەی بۆ کراوە، گەر مەبەستی ھەڕەشەکانت گردنە بەری ڕێکاری یاسایی و بەردەمی دادگا بێت ئەوە لاریمان نیە".



PM:01:20:23/06/2017