مەلا کرێکار هێرشێکی توند دەکاتە سەر سۆران عومەر
بەپیاوی لاهوری شێخ جەنگی وەسفی دەکات ( ڤیدیۆ)

ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام بە توندی هێرش دەکاتە سەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی بە پیاوی لاهووری شێخ جەنگی، بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری وەسفی دەکات.

لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە  لەیوتوب بڵاوکراوەتەوە مەلا کرێکار، ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام، لەسەر سۆران عومەر قسە دەکات و دەڵێت ”سۆران عومەر هات جاسوسی کرد بەسەر ئەبو موسعەبی زەرقاوی و ئەبو محەمەدی مەقدیسی، بە قسەی لاهووری شێخ جەنگی و بە خەرجیی ئەوان چووەتە پرسەی ئەبو موسعەبی زەرقاوی و چووەتە ماڵی ئەبو محەمەدی مەقدیسی و گوتوویەتی کە من کوڕەکەتانم لە پێنجوێنەوە بۆ بیارە بردووە. وێنەیەکی هەبوو لەگەڵ مندا کە لە (گوڵپ) خەڵات بەسەر پێشمەرگە دابەش دەکەین، وێنەکەی نیشان دان و گوتبووی کە من چەندە نزیکم لە مەلا کرێکارەوە و ئەو مامۆستامانە و بەڕێزە، بۆ ئەوەی متمانەی پێ بکەن و بچێتە ماڵەکانیانەوە".

 مەلا کرێکار لە درێژەی قسەکانیدا دەڵیت ”سۆران عومەر جاسوسی ئەمریکاییە، ئینجا جاسوسی ئێرانە و پیاوی لاهووری شێخ جەنگییە".
ناوبراو داوا لە خەڵک دەکات ”هیچ بڕوای پێ مەکەن کە باسی هەڵبژاردن و گەندەڵیی حکوومەت دەکات".

ئەمیری پێشووی ئەنسار ئیسلام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو هیچی شەخسی نییە لەگەڵ سۆران عومەر و ئەو بەس دەیەوێت خەڵک راستیەکان بزانێت، لە میانەی قسەکانیشیدا دەڵێت: ”سۆران عومەر کە ئێستا خۆی کردووە بە پیاوێکی زۆر موهیم، سامری ناو کورد و سامری ناو ئەهلی ئیسلامە، متمانەشی پێ مەکەن". 

کرێکار دەڵێت باوەڕتان بەوە نەبێت کە باسی مافی مرۆڤ دەکات، ئای لەو مافی مرۆڤە کە سۆران عومەر وەری دەگرێتەوە و لە هەمان کاتیشدا بە گرتنیان دەدات".

 



PM:09:32:24/06/2017