مەترسیەکی دیکە ڕوو لە هەرێم دەکات

ژمارەیەک سەرمایەداری عێراق بۆ کڕینەوەی گەنمی جوتیاران ڕوو لەهەرێم دەکەن و بەرپرسانیش ئەمە وەک کارتی فشاری بەغدا بۆ سەر هەرێم لێکدەدەنەوە.

ژمارەیەك لەسەرمایەداران و گەورە بازرگانەكانی عیراق لەناوچەكانی خواروو ناوەڕاستی عیراق ڕویان لەهەرێمی كوردستان كردوە بەنرخێكی زیاتر لەوپارەیەی بەغدا گەنمی پێ‌ لەجوتیاران دەكڕێتەوە، بەرهەمی گەنم دەكڕنەوەو دەیگوازنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.

لەو بارەیەوە ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری پلاندانان لەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم بە ماڵپەڕی SNNی ڕاگەیاندووە "گەنم بۆتە ئامرازێكی سیاسی لەعیراق، ئەو وڵاتە لەبەرامبەر هەرێم ئەو كارتە بەكاردەهێنێت، ئەگەر حكومەتی هەرێم نەیكڕێتەوە جوتیاران ناچارن بیفرۆشن بەبازرگانە عەرەبەكان".

بەبڕوای بەرپرسەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ، پێویستە ئەنجومەنی ئابوری بیر لەوەبكاتەوە، خەزنی ساڵێك بەرهەمی گەنمی جوتیاران هەبێت، بەڵام وەك ناوبراو وتی "لەم قەیرانەدا جوتیارانی هەرێم چی بكەن، بۆیە كاتێك بازرگانانی عەرەب كاتێك ڕوو لەهەرێم دەكەن، جوتیاران خۆیان دەچن بەپیریانەوەو بەرهەمەكانیان ڕادەستدەكەن".

ئەوەشی ئاشكراكرد، ئەوان وەكو وەزارەتی كشتوكاڵ لایەنی بەرهەمهێنانن وتی "بەرهەمی گەنم كە گەیشتە ئاستێكی بەرز، ئەوە ئێمە بوین ڕێژەكەیمان بەرزكردۆتەوە".

لەپەیامێكی بەپەلەشدا بۆ حكومەتی هەرێم وتی "كۆڵەكەیەكی بەهێزی دروستكردنی سەربەخۆ و دەوڵەت كشتوكاڵە، بۆیە پێویستە پرس بەوەزارەتی كشتوكاڵ بكرێت، چونكە تا بەرهەمی ناوخۆ بەهێزبكرێت، ئەگەر لەڕوی ئاسایشی خۆراكەوە بەهێزبین، ئەوە بەدڵنیاییەوە لەڕوی سیاسیشەوە بەهێزدەبین".


PM:10:11:25/06/2017