سندوقی‌ هاوكاریكردنی‌ فەرمانبەرانی‌ خانەنشینكراوی‌ وەزارەتەكانی‌ ناوخۆو پێشمەرگە دادەمەزرێت

بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەرێم لەماوەی داهاتودا سندوقی‌ كۆكردنەوەی‌ موچە بۆ هاوكاریكردنی‌ فەرمانبەرانی‌ خانەنشینكراوی‌ وەزارەتەكانی‌ ناوخۆو پێشمەرگە دادەمەزرێت".

حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری‌ خانەنشینی‌ هەرێم لەلێدوانێكدا ڕایگەیاند، "تائێستا لەهەرێم سندوقی‌ خانەنشینیمان نییە، هەرچەندە لەیاسای‌ خانەنشیندا ئاماژە بەو سندوقە كراوە، بەوەی‌ سندوقێك دابمەزرێت بۆ موچەی‌ خانەنشینان و هاوكاریكردنیان".

وتیشی‌:"كاتێك فەرمانبەر لەدەزگایەكی‌ حكومی‌ دادەمەزرێت، لەیەكەم ڕۆژی‌ دەستبەكاربونیەوە حكومەت بەڕێژەی‌ لە12% لەموچەكەی‌ دەبڕێت و دەیخاتە ناو ئەو سندوقەوە، دوای‌ خانەنشینكردنیشیان موچەكانیان لەو سندوقە دەدات".

بەگوێرەی‌ پڕۆژەیاسایەك، سندوقی موچەو خانەنشینی هەرێم دادەمەزرێت، لەكاتی گیانلەدەستدانی فەرمانبەریش، میراتگرەكانی بەبڕی 20 ملیۆن دینار قەرەبودەكرێنەوە.

ئاماژەی‌ بەوەشكرد، بەهۆی‌ ئەوەی‌ ئەو بڕە پارەیەی‌ لەوسندوقەدا كۆدەكرێتەوە، تەنها بۆ وەزارەتەكانی‌ ناوخۆو پێشمەرگەیە، واتە خانەنشینی‌ مەدەنی‌ سودمەند نابن لێی‌، زۆریش گفتوگۆكراوە ئەوانیش سودمەندبن، بۆیە چاوەڕواندەكرێت لەداهاتودا ئەو سندوقە ئەوانیش لێی‌ سودمەندبن".



PM:02:33:26/06/2017