بەیانی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی چالاکییە جۆراو جۆرەکانی یادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیپێکرد.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی هەڤاڵ ئەبوبەکر سەرۆکی لیژنەی یادی نەوشیروان مستەفاو وتی:"یادەکە کاتژمێر ٨ ی بەیانی دەستی پێکردو یەکەم چالاکی لە پارکی هەواری شار و بە سەوزکردنی نیشتمان و چاندنی نەمام دەستیپێكرد و دوای ئەوە "هەڵمەتێکی پاککردنەوەی بەشێک لە پارکەکە بەڕێوەچوو ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگە و کوردستان لە خاشاک و گەندەڵی و رق و بوغز و کینە".
ناوبراو وتیشی " دواتر (73) نەمام وەک ئاماژەیەک بۆ تەمەنی کاک نەوشیروان لە هێڵی نێوان شەقامی بەردەم کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانیەوە ڕوێندران و "سەعات (11) لەسەر ئارامگەی نەوشیروان مسەفا سەدان باڵندە ئازاد کران، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئازادی تاک و ئازادی فڕین و وتە و بیرورا".
هاوکات دەمەوئێوارە لەسەر مەزاری نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی جەماوەری بە مۆمەوە سازدەکرێت و پێشبینی دەکرێت خەڵکێکی زۆر بەشداری تیا بکات.