گۆڕان چۆن کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفای بڵاوکردەوە؟
نهێنییەکانی ئەو بەیانییە

راگەیاندکارێکی گۆڕان نهێنی رۆژی کۆچکردنی نەوشیروان مستەفا و نهێنی و چۆنێتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی کۆچی دواییەکەی ئاشکرا دەکات.

محەمەد رەوف راگەیاندکاری کەناڵی KNN لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە نووسینێکدا بەناونیشانی " وەرەقە ناخ هەژێنەكە" ناوی ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاشکرا دەکات کە هەواڵی کۆچی دوایی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نووسیووەو بوو بە یەکەم هەواڵی راگەیاندنی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا.
 
محەمەد رەئوف نووسیوویەتی " رۆژی هەینی 5/19 جیاواز لە هەینیەكانی دیكە بەیانی زوو چووم بۆ كەی ئێن ئێن، كە چومە كەی ئێن ئێن، هەستمان بە جوڵەیەكی نائاسایی و بێدەنگ كرد لە ماڵی كاك نەوشیروان، بەڵام دڵنیا نەبووین لەوەی چی رویداوە، لەسەعات نزیكەی هەشت و چارەكی بەیانی لەپڕ كاك قادری حاجی عەلی تەلەفۆنی بۆ كردم وتی لە هەر شوێنێكی بەپەلە وەرە بۆ ماڵی كاك نەوشیروان، منیش بە دڵە خورپێ و بەڕاكردن بەرەو ماڵی كاك نەوشیروان رۆیشتم".

ئەو راگەیاندکارە دەڵێت" كە گەیشتمە ئەوێ بێدەنگی و كپی و چۆڵیەك باڵی كێشابوو بەسەر ماڵیاندا، ، كە چومە ژوورەوە لە ژووری میوانی كاك نەوشیروان، بەشێك لەسەركردنەكانی گۆڕان بە بێدەنگی و هێمنی، بەڵام بە وورەوە دانیشتبوون، كاك عومەری سەید عەلی سەری لەسەر گوچانەكەی بوو كاك عوسمان بە پێوە تێلی دەكرد و كاك مستەفا و مامۆستا جەمال و برادەرانی تریش دانیشتبوون، سڵاوم كرد و بەدەست ئیشارەتیان بۆ كردم كە بچمە ژووری نانخواردنی میوانی كاك نەوشیروان، لەوی كاك قادری حاجی عەلی وەرەقەیەكی لەبەر دەست بوو دەینووسی، بەڵام لەتەواوو بوندا بوو لە چەند شوێنێك كوژاندبویەوە و راستی كردبووەوە دایە دەستم و وتی بڕۆ بیخوێننەوە".

محەمەد رەوف دەڵێت" تا ئەو كاتە هەستم بە مردنی كاك نەوشیروان نەكردبوو، كە لێم وەرگرت و هەندێكیم خوێندنەوە هەر بڕوام ناكرد كە مەسەلەكە مردنی كاك نەوشیروانە، تەواو تاسابووم و، گفتوگۆمان كرد كە چۆن بڵاویبكەینەوە و رایگەیەنین، كاك عومەر هاتە ئەو ژوورە و وتی :ئەمە روداوێكی گەورەیە با بە ئاسانی و سادەیی بڵاوینەكەینەوە، با كاك شۆرش حاجی بە رەسمی بڵاویبكاتەوە، بۆیە یەكسەر وەرەقەكەم هەڵگرتوو وتم بابڕۆین لەگەڵ بریار نامیق و شۆڕش حاجی بەخێرایی بەرەو كەی ئێن ئێن هاتین، بە چاوی پڕ لە فرمێسك و حەپەسانەوە خۆمانكرد بە كەی ئێن ئێندا و من دەستمكرد بە نوسینی ئەو راگەیەنراوەو وتمان كاك شۆڕش بچۆ ستۆدیۆ".

ناوبراو ئەو ساتانە ئاشکرا دەکات و دەنووسێت " لەبەر ئەوەی هەمو حەپەسابوین و دەستمان گۆی ناكرد بینوسینەوەو ستۆدیۆش ئامادە نەبوو كەمێك دواكەوتین و وتمان نابێت پەشۆكاوی و تێكشكاوی پێوە دیار بێت، بۆیە هەندێك لەگەناڵەكان بە پەلە بڵاویان كردەوە هەرچۆنێك بوو بە پەلە هەواڵە ناخ هەژێن و چاوەڕوان نەكراوەكەمان بەرەسمی بڵاوكردەوە".
 دەقی یەكەم راگەیەنراوی رەسمی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا



AM:09:47:29/06/2017