تەندروستی سلێمانی: سێ کلینکی پزیشکیمان داخست

سێ کلینیکی پزیشکی لە شاری سلێمانی دادەخرێن و تەندروستی سلێمانیش هۆکاری داخستنەکەیان ئاشکرا دەکات

تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، سێ کلینکی پزیشکیان داخستووە کە دەرمانی ماوە بەسەرچوویان بەکارهێناوە و دەستبەسەر چەندین جۆر دەرمانی ماوە بەسەرچووشدا گیراوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی 30ی حوزەیران بڵاویکردۆتەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت "لەلایەن لیژنەكانی پشكنین و بەدواداچوونی تەندروستی سلێمانییەوە سەرەڕای پشووە فەرمییەكان، چەند كلینیكێكی شەوانەڕۆژی لە شاری سلێمانی داخستووە  
بەهۆی بەكارهێنانی دەرمان و كەلوپەلی پزیشكی ماوە بەسەرچوەوە".

عادل عوسمان، بەڕێوبەری بەشی پلاندانان و پشكنینی تەندروستی سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوەکەی تەندروستی سلێمانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە ڕۆژی چوار شەممە هەریەك لە كلینیكە شەوانە ڕۆژییەكانی (شیفا، نەورۆز، خاك) لە گەڕەكەكانی سەرچنار و راپەرین و بەكرەجۆ، سزای داخستنیان بۆ دەرکرا.

ئەوەشی وتووە کە جگە لە پابەند نەبوونیان بە مەرج و ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە، چەندین جۆری دەرمان و كەلوپەلی پزیشكی ماوە بەسەرچوو لەو شوێنانەدا كە بۆ نەخۆشەكانیان بەكارهێنراوە دەستی بەسەردا گیراوە، دەشڵێت "ئەمە هەڕەشەیە بۆ سەر تەندروستی گشتی هاوڵاتیان".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، کە لیژنەی كەرتی تایبەتی سەر بە بەشی پشكنین و بەدواداچوون لە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلیمانی، سەرباری پشووە فەرمییەكان بەشەو و ڕۆژ بۆ پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیانی بەردەوام دەبن لە گەڕان و پشكنینەکانیان.


PM:04:34:30/06/2017