لە پێنجوێن باران دەبارێت

لە دوێنێوە لە چەند شوێنێکی پارێزگای سلێمانی باران دەبارێت، دوێنی شەو لەچەمچەماڵ باری، ئەمڕۆش لە شارۆچکەی پێنجوێن تاوێک باران باری. 
بەھادین حەسەن، لێپرسراوی فەرمانگەی کەشناسیی پێنجوێن، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 9/7/2017، بارانبارین لە پێنجوێن دەستی پێ کرد".

لێپرسراوی فەرمانگەی کەشناسیی پێنجوێن لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی "بارانەکە لە کاتێکدا بوو، کە پێشتر ھەور لەئاسمانی پێنجوێندا ھەبوو، ھەروەھا ئەو بارانە پێشبینینەکراو بوو، بەڵام لەم کاتەدا سوودێکی زۆری بۆ نەمانی تۆز و خۆڵی سنوورەکەمان ھەبوو".

بەھادین حەسەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پێشتر پلەکانی گەرما گەیشتبوونە سەرووی 42 پلەی سەدی، بەڵام ئەمڕۆ لە 40 پلەی سەدی نزمتر بووەتەوە.



PM:03:09:09/07/2017