ڕۆیتەرز کوژرانی بەغدادی پشتڕاست دەکاتەوە

ئاژانسى هەواڵى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەبوبەکر بەغدادى سەرکردەى گروپى چەکدارەکانى داعش کوژراوە، ئاژانسی هەواڵی سۆمەریەش دەڵێت "داعش ڕاگەیەندراوی بۆ شانە نهێنیەکانی ناردووە تا شوێنی بەغدادی پڕ بکەنەوە".

ڕۆیتەرز هەواڵی کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی پشتڕاست دەکاتەوە، ئەو هەواڵە بە پشتبەستن بە هەواڵێکى ڕێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤى سوریا بڵاوکردووەتەوە، کە ڕامى عەبدولڕەحمان سەرۆکایەتیى دەکات و بارەگاکەى لە شارى لەندەنى پایتەختى بەریتانیایە.

لەلایەکیترەوە ماڵپەڕی سۆمەریەی عێراقی ئەوەی ئاشکراکردووە داعش ڕاگەیەندراوی بۆ شانە نهێنیەکانی ناردووە تا بە کۆدەنگی شوێنی بەغدادی پڕ بکەنەوە"

گروپى چەکدارەکاى داعش لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ دا شاری موسڵیان لە عێراق کۆنتڕۆڵکرد، لە ٢٩ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا وەکو خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی خۆیان  بە جیهان ناساند و ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم سامەڕایی ناوسراو بە ئەبو بەکر بەغدادیش وەک خەلیفەی ئەو خەلافەتە دەستنیشانکرا.

کۆنتڕۆڵکردنى شارى موسڵ لە دواى شەڕێکى ٨ مانگى دوێنێ ١٠ى تەمووزی ٢٠١٧ لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە ڕایگەیاندرا، کە گرنگترین شارى کۆنتڕۆڵکراوى چەکدارەکانى  داعش بوو لە عێراقدا.

هەروەها گروپى چەکدارەکانى داعش شارى ڕەقە بە پایتەختى خۆیان دەزانن و لە ئێستادا لەلایەن شەڕڤانانى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیکەوە گەمارۆداوە و شەش گەڕەکى ئەو شارەش کۆنتڕۆڵکراوە و شەڕیش بۆ کۆنتڕۆڵکردنى تەواوەتى ئەو شارە بەردەوامیى هەیە.



PM:03:21:11/07/2017