پۆستی ڕێکخەری گشتی گۆڕان یەکلایی بووەتەوە

‌وێنەیەکی کۆبوونەوەی جڤاتی گۆڕان .. وێنە:بڕیار نامیق

گفتوگۆکان بۆ دیاریکردنی ڕێکخەری گشتی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەستیپێکردووە و لێکتێگەیشتن هەیە بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە.

بەرپرسێکی باڵای گۆڕان لە بارەی دیاریکردنی ڕێکخەری گشتییەوە بە سپی ڕاگەیاند "بزووتنەوەی گۆڕان دەستی بە هەوڵەکانی کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەناوخۆییەکانی و لە ئێستادا لێکتێگەیشتن هەیە بۆ دیاریکردنی عومەر سەید عەلی، سیاسەتمەداری دیاری بزووتنەوەکە بۆ پۆستی ڕێکخەری گشتی".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە لەو لێکتێگەیشتنەی کە لەنێوان سەرکردەکانی گۆڕاندا دروست بووە، ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە عومەر سەید عەلی بکرێتە ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و بڕیارە لە کۆبوونەوەی جڤاتدا ئەو پرسە بڕیاری لەسەر بدرێت.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان کە پێی باش نەبوو ناوی بهێنرێت، ڕوونیکردەوە کە گۆڕان پشت بە پەیڕە و دەستووری تایبەتی خۆی دەبەستێت و هەوڵدەدرێت کە دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ بوون بە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن بکرێتەوە و ئەو پرسەش یەکلایی بکرێتەوە.

سەرکردەکەی گۆڕان ئاشکراشیکرد کە بڕیارێک هەیە بۆ ئەوەی بەر لە ٢٥ی ئەم مانگە کە ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕانە، ڕێکخەری گشتی بە فەرمی بۆ بزووتنەوەکە دیاری بکرێت.

عومەری سەید عەلی کێیە؟


- لە 1/7/1945 لەدایكبووە.

- دەرچووی خانەی مامۆستایانە.

- ساڵی 1970 یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵی رەنجدەران.

- ساڵی 1976دوای یەككگرتنی كۆمەڵەو یەكێتی، لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.

- ساڵی 1976 تاوەكو 1979 لەزیندانی بەعسدا بەند دەكرێت.

- ساڵی 1979 دوای ئازادكردنی دەبێتە بەرپرسی مەكتەبی سەربازی یەكێتی.

- ساڵی 1981 بەسەختی برینداردەبێت.

- ساڵی 1991 دەبێتە بەرپرسی مەكتەبی دارایی یەكێتی.

- ساڵی 1992 دەبێتە ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستی سەوز.

- ساڵی 2009 لەگەڵ نەوشسیروان مستەفا و چەند هاوڕێیەكی دیكەی یەكێتی بەجێدێڵن و بزووتنەوەی گۆڕان دادەمەزرێنن.




PM:02:34:13/07/2017