بە لابردنی هەواڵەکە ڕازی نەبوو
مەکگۆرک لەسەر ریفراندۆم لێدوانی زیاتری بڵاوکردەوە

سەرباری ئەوەی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم ئەو هەواڵەی لابرد کە لەسەر پرسی ریفراندۆم بەناوی مەکگۆرگەوە هەڵبەسترابوو، ناوبراو بەوەشەوە نەوەستاو لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جارێکی تر ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر پرسی ریفراندۆم دووپات کردەوە.

برێت مەکگۆرک لەمیانی وەڵامدانەوەی پرسیارێكدا سەبارەت بە ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان کە لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە:"سەبارەت بە ریفراندۆم، پێموایە  ئێمە تەواو بەڕوونی دژایەتی خۆمان بۆ ریفراندۆمی  25 ی ئەیلوولی ئەمساڵ ڕاگەیاندووە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا مەکگۆرک دەڵێت‌ "ئێمە داوامان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە جارێكی تر بیر لەم بڕیارە بكەنەوە. هەروەها ئێمە هانی بەدواداچوونی دیالۆگ لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا لەسەر بنەمای دەستووری دەدەین".

مەكگۆرك سەرباەت بە داعش جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌ کە پێویستە هەموو چاوەكان لەسەر داعشی دوژمن بن، چونکە هێشتا نەبەزێنراوە.

هاوکات لەبارەی حەویجەش مەکگۆرک پێیوایه‌، هەڵمەتی حەویجە بەتەنیا هەڵمەتێكی زۆر ئاڵۆزدەبێت، لەوبارەیەوە دەڵێت"هەرشتێك ببێتە هۆی لابردنی سەرنج لەسەر تەواوكردنی ئەم ئەركە، ئێمە پشتگیریی ناكەین، پێشموایە ئێمە ئەوەمان زۆر بەڕوونی باسكردووە".

هەفتەی رابردوو بەناوی مەکگۆرکەوە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە کە ناوبراو " رێز لە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەگرێت لە پرسی ریفراندۆمدا" بەڵام هەرزوو روونکردنەوەی لەسەر ئەو پرسە داو حکومەتی هەرێمیش هەواڵەکەی لەسەر ماڵپەڕی فەرمی حکومەت لابرد.



AM:08:29:14/07/2017