ژنێک لە هەولێر: هاوسەرەکەم بە دواوە سێکسی لەگەڵ کردمم و منیش...

بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر لە وتاری ئەم هەفتەیدا باس لە ژنێک دەکات کە مێردەکەی لە دواوە سێکسی لەگەڵ کردووە و ئەویش سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە.

ژیلەمۆ عەبدولقادر لە وتاری ئەم هەفتەیەیدا کە بۆ ڕووداو نوسیویەتی باسی ژنێک دەکات کە هاوسەرەکەی بە دواوە سێکسی لەگەڵ کردووە و نوسیویەتی "ساڵێك دانی بەخۆیدا گرت، بەڵام چیدی بەرگەی ئەو تەكلیفەی مێردەكەی نەگرت كە بەپێی شەریعەتی ئیسلام و یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، رێگەپێدراو نییە و زانستی پزیشكیش بە پەسەندی نازانێ‌، بۆیە سكاڵای لەسەر هاوژینەكەی تۆمار كرد، ئەوەی لەو گۆشەیەدا باسی دەكەین دۆسیەی ژنێكە كە بە تۆمەتی ئەوەی لەدواوە سێكسی لەگەڵ كردووە، سكاڵای لەسەر هاوژینەكەی تۆمار كرد. ئەو ژنە بۆی باسكردین كە چەند ساڵێكە شووی كردووە، دوو منداڵی هەیە، دوو ساڵ هاوژینەكەی لەگەڵی هەوڵی داوە لەدواوە سێكسی لەگەڵ بكات، سەرەتا رازی نەبووە، بەڵام دواتر ملی بۆ داوای هاوژینەكەی داوە، بۆ ماوەی ساڵێك لەدواوە سێكسی لەگەڵ كردووە. ئەو ئافرەتەكە دواتر پرسیاری ئەو جۆرە سێكسكردنەی لە خەڵكی دیكە كردووە و پێیانگوتووە حەرامە و خراپیشە رەنگە تووشی نەخۆشی ببی، بۆیە ژنەكە چیدی رازی نابێت هاوژینەكەی بەو جۆرە سێكسی لەگەڵ بكات."

هەر لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا نوسیویەتی "ئەو ژنە زۆر هەوڵی لەگەڵ هاوژینەكەی داوە كە واز لەو خووەی بهێنێ‌، بەڵام ئەو سوور بووە لەسەر ئەوەی لەدواوە سێكسی لەگەڵ بكات. وەك ژنەكە دەگێڕێتەوە، چەند جارێك بە زۆر بەو جۆرە سێكسی لەگەڵ كردووە، تا وای لێهات بە پەت دەیبەستایەوە، ئینجا سێكسی لەگەڵ دەكرد، بەو هۆیەوە جارێكیان ژنەكە ئازاری زۆری پێدەگات و تووشی خوێنبەربوون دەبێ‌، كاتێكیش بۆ چارەسەر دەچێتە نەخۆشخانە و هەڵسوكەوتی مێردەكەی بۆ پزیشكە ئافرەتەكان باس دەكات، یەكسەر راپۆرتێكی پزیشكی بۆ دەنووسن و ئامۆژگاریی دەكەن سكاڵا لەسەر هاوژینەكەی تۆمار بكات. ژنەكە بڕیار دەدات چیدی خۆی نەكاتە قوربانی ئارەزوو و هەوەسەكانی هاوژینەكەی، بۆیە سكاڵای لەسەر تۆمار دەكات. كاتێك دۆسیەی ئەو ژنە رەوانەی بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی توندتیژی خێزانی كرا، فەرمانی دەستگیركردن بۆ هاوژینەكەی دەرچوو، بەپێی مادە 7 لە یاسای ژمارە هەشتی 2011 ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی كوردستان."

ژیلەمۆ باس لە ڕووە یاساییەکەی دەکات و دەڵێت وەك لە یاساكەدا هاتووە، بەزۆر سەرجێیكردنی هاوسەرێتی، جۆرێكە لە جۆرەكانی توندوتیژی، بكەرەكەی سزا دەدرێت بە ماوەیەك بەندكردن كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێ‌ و لە سێ‌ ساڵ زیاتر نەبێ‌، هەروەها بە بڕە پارەیەك غەرامە دەكرێ‌ كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێ‌ و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێ‌، یان بە یەكێك لەو دوو سزایە هەروەها یاسای باری كەسێتی عێراق كە لەساڵی 1959 دەرچووە و لە ساڵی 2015 پەرلەمانی كوردستان هەمواری كردووەتەوە، دەڵێت ئافرەت بۆی هەیە داوای جیابوونەوە بكات ئەگەر هاوژینەكەی لە دواوە سێكسی لەگەڵ كرد. وەك لە بڕگە دووی ماددە 40ی یاساكەدا هاتووە "دادگا هاوژینەكان لێك جیادەكاتەوە، ئەگەر یەكێك لە هاوژینەكان ناپاكیی هاوژینی بكات، هەروەها جووتبوونی پیاو لەگەڵ ژنەكەی لەدواوە، نێربازییە و بە ناپاكی هاوژینی ئەژمار دەكرێ‌".




PM:07:14:14/07/2017