دیوە نهێنییەکانی سەردانەکەی بارزانی و وەفدی ریفراندۆم بۆ برۆکسل

شایەتحاڵێکی کە ئامادەی کۆبوونەوەکەی بارزانی و وەفدی باڵای ریفراندۆم بووە، بۆ سپی چەندان دیوی نهێنی ئەو سەردانە ئاشکرا دەکات.

بارزانی و وەفدی باڵای ریفراندۆم رۆژی ١١ ی تەموز لە برۆکسل ژمارەیەک چالاکی سییاسییان لەسەر پرسی ریفراندۆم ئەنجامدا، شەیەتحاڵێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، چەندان دیوی نهێنی ئەو سەردانە بۆ سپی ئاشکرا دەکات. 

ئەو شایەتحاڵە بۆ سپی ئاشکرای دەکات کە ئەو کۆبوونەوەیەی بارزانی لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکان سازیکرد، لە هۆڵی پەرلەمانی ئەوروپی سازنەکرا، بەڵکو لە هۆڵی تایبەت بە کۆنگرەی رۆژنامەگەری سازکراوە. لەو کۆبوونەوەیەشدا لە کۆی ٣٦ دەوڵەت تەنها نوێنەری حەوت وڵات ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و، ئاستی بەشداریش ئاستێکی نزم و هیچ باڵوێزێکی دەوڵەتان بەشداریان نەکرد.

ئەو شایەتحاڵە ئاشکرای دەکات لە کۆنگرە رۆژنامەگەرییەکەی بارزانی و لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا هیچ رۆژنامەنووسێکی بەلجیکی و وڵاتە ئەوروپاییەکان ئامادەی کۆنگرە رۆژنامەگەرییەکە نەبوون و، تەنها میدیا کوردیەکان بەشداریان کرد.

ناوەندە ئەورپییەکان و وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەوروپا بڕیاریان داوە کە پاڵپشتی ریفراندۆم و جیابوونەوەی هەرێم نەکەن و داوایان لە بارزانی و وەفدەکە کرد کە بگەڕێنەوە بۆ بەغداو گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی بەغدا بکەن. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە رێگای کەناڵەکانی خۆیەوە بە وەفدەکەی ریفراندۆمیان راگەیاندووە" ئێمە ناتوانین دەست لەکاروباری عێراق وەربدەین، ئەگەر بەغدا داوامان لێنەکات". ( وەک شایەتحاڵەکە دەڵێت).

ئەو دەمەش کە پەرلەمانتاران و رۆژنامەنووسان پرسیاریان لە بارزانی دەرکرد، سەرباری ئەوەی هاوسەنگی لە وەڵامدانەوەکاندا لەدەستداو، هێرشی کردە سەر گۆڕان، ئەمە جگە لەوەی بارزانی مۆڵەتی بە کەسیش نەدا لە وەفدەکە وەڵامی هیچ پرسیارێک بدەنەوە، بگرە رێگای بە پارێزگاری کەرکوک د. نەجمەدین کەریم و هۆشیار زێباری خاڵی و نوێنەری ئێزیدیەکان و تورکمانیش گرت، بەشداری ئەو وەڵامانە بکەن لەو پرسیارانەی پەیوەندی بە ناوچە جێناکۆکەکان و بارودۆخی ئێزیدیەکان و کەمایەتییەکانەوە هەیە.

بەپێی زانیاری شایەتحاڵەکان، بارزانی هەوڵیداوە لە برۆکسل باڵوێزی ئێران و تورکیا ببینێت، بەڵام ئەوان بەدەم داواکەیەوە نەچوون.
شایەتحاڵەکە ئاشکرای دەکات کە د. نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک رەخنەیەکی زۆری لە نوێنەری حکومەتی هەرێم دلاوەر ئاشگی گرتووە کە نەیتوانیووە رێوشوێن پێویست و وادەی تەواو دابنێت تا وەفدکە چاوی بە کەسانی بەرپرس و خاوەن پێگە بکەوێت.

بەپێی قسەی شایەتحاڵەکە دەبوایە وەفدەکە سەردانی چەند وڵاتێکی ئەسکەندەنافیاکان بکردایە، بەڵام هەر زوو گەڕایەوە هەرێم، تەنها د. فواد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی نەبێت کە لەوێ مایەوە بەکاری تایبەتی خۆی.

لەو دیدارانەدا یەکێتی ئەوروپا بڕیاری داوە کە یارمەتی مرۆیی بنێرێت بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێم، هاوکات یارمەتی پێشمەرگە زیاد بکەن بە رێژەی لە ٣٠%، بەڵام پێشنیارێکی بارزانی رەتکراوەتەوە کە داوای یارمەتی کردووە بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت. ( وەک شایەتحاڵەکە ئاماژەی بۆ کرد).
.




PM:07:43:15/07/2017