شوێنگرەوەی نەوشیروان مستەفا دەستنیشان دەکرێت

محەمەد عەلی رێكخەری ژووری توێژینەوەی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرای دەكات بەمزوانە رێكخەری گشتی بزووتنەوەكەیان دیاری دەكرێت.

ئەمڕۆ ئەو هەڵسوڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا وتویەتی "پێویستە پەرلەمانی كوردستان دەست بەكارەكانی خۆی بكاتەوە، چونكە پەرلەمان دەسەڵاتیكی یاسادانانە و خۆی بەرنامە و كاروبار دیاری دەكات، بۆیە بڕوامانوایە ئەگەر پەرلەمان ئاساییكرایەوە و دەستیكردەوە بە كارەكانی خۆی، ئەوا دەبێت ئەو بەرنامە و كارانەی خۆی دیاری كردووە و دەیزانێت، ئەنجامی بدات".

محەمەد عەلی دەشڵێت "لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بابەتی ریفراندۆم زۆر بە گرنگەوە باس كراوە، بەوەی ئەم پرسە بە ناوچە دابڕێندراوەكانەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها دەبێت پەرلەمانی كرودستان ئەو بڕیارە بدات، بۆیە لەكۆبوونەوەكانیشدا جەختكراوەتەوە لەوەی دەبێت پەرلەمان بڕیار لەسەر ریفراندۆم بدات، نەك بڕیارێكی حزبی بێت".

ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان بە ئەنادۆڵی وتووە: "ئێمە زۆربەی كاتەكان رامانگەیاندووە ریفراندۆمی 25ی ئەیلول پرسێكی سیاسی و حزبیە و نایاساییە، دەبێت هەڵبوەشێتەوە و رابگیرێت، ئەوكاتەش گونجاو نییە بۆئەوەی ریفراندۆم تێیدا ئەنجام بدرێت، ریفراندۆم ئامرازە نەك ئامانج، وەك بزووتنەوەی گۆڕانیش پێمانوایە ریفراندۆمەكە ئامانجە نەك ئامراز بەمەبەستی شاردنەوەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها پێمان باشە ئەو پرسە رابگیرێت تاوەكو پەرلەمانی كوردستان و لایەنەكان دابنیشن و هەڵپەساردنی بۆ بكەن".
لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا و لەبارەی رێوشوێنەكانی حزبەكەی بۆ دیاریكردنی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆران، محەمەد عەلی رێكخەری ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرایكردوە "لەئێستادا بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەنگییەكی باشی هەیە بۆئەوەی كەسێك دیاری بكات بۆ شوێنگرەوەی نەوشیروان مستەفا وەك رێكخەری گشتی ئەو بزووتنەوەیە، بەوەی دەبێت خانەی راپەڕاندن هەڵبژێردرێت كە ئەوەش میكانیزم و پرەنسیپێكە بەپێی دەستوری بزوتنەوەكە دەبێت ئەو پۆستە دیاری بكرێت".

ئەو لەو بارەیەوە زیاتر وتویەتی "بەمزوانە رێكخەری گشتی دیاری دەكرێت، گرنگ نییە كێ دەبێتە رێكخەری نوێ‌، گرنگ ئەوەیە ئەو كارە بەپێی دەستووری گۆڕان بێت و كاندیدەكانیش خۆیان هەڵدەبژێرن بۆئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت تاوەكو یەكێك لەو كەسانە ببێت بە رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان".
رۆژی 19ی ئایاری رابردوو نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد.






PM:09:46:15/07/2017