ڕێبوار کەریم وەلی: پارتی لە کارنامەکەیدا ٣١ی ئاب هەیە کەچی دەرسی نیشتیمان پەروەری دەڵیتەوە

ڕێبوار کەریم وەلی ڕۆژنامەنووسی دیار و نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتارێکیدا دەڵێت پارتی خاڵی لاوازی ركابەرەكانی كەشف كردووە، ئەویش ئەوەیە كە سەرباری ئەوەی لە كارنامەیدا 31ی ئابیش هەیە، بەڵام دەرسی نیشتمانپەروەری دەداتە ركابەرەكانی!.

ڕێبوار کەریم لە وتاری ئەم هەفتەیەیدا کە زۆرینەی تەرخانکردووە بۆ قسەکردن لەسەر بەرهەم ساڵح، ئەو جێگری سکرتێری گشتی بە یوسفی کەنعان وەسف دەکات و نوسیویەتی : سیاسییەكی شارەزا و تێكنۆكراتێكی لێوەشاوە كە بەدەردی یوسفی كەنعان چووە، ئیتر هیچ شانسێكی لەبەردەمدا نەماوە مەگەر ئەوەی لەو بیرەی (براكانی) تێیانهاویشتووە، بهێنرێتە دەرێ. پێگەی دكتۆر بەرهەم ساڵح لەناو یەكێتیدا و رۆڵی ئەو پیاوە لە دروستكردنی رایەڵەكانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، هەمیشە جێگەی ئیرەیی بەناو هاوقەتارانی بووە. گوناهی ئەو پیاوە ئەوە بوو كە كوڕی پیاوێكی خوێندەوار بوو، لە باوكەوە مەلایی و لە دایكەوە جەلالی! قەت دڵی دایكی نەشكاند، بەڵام شكۆی باوكیشی پاراست. ئەوە راستییە كە هەموو جەلالییە كۆنەكان بۆ رۆژێكیش بێت مەلایی بوونە!"

هەروەها دەڵێت بەرهەم ساڵح دەمێکە شانسی ئەوەی هەیە کە بچێتە باوەشی پارتی و پۆست و پلەی بەرز لای ماڵی بارزان وەربگرێت بەڵام قەت بیری لە بەکارهێنانی ئەو چانسە نەکردووەتەوە.

هەروەها نوسیویەتی ”ئێستا بەرهەم ساڵح لە غیابی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفادا دەتوانێ تەجاوزی ئەو عوقدە مێژووییە بكات و ئاراستەیەك بۆ شەراكەت و ململانێ لەگەڵ پارتیدا دروست بكات، نە ببێتە پاشدز و نە ببێتە هاوماڵ. ئەو نە لە هەكاری و نە لە قڕناقە و پشتئاشان، نە لە كڵاوقاسم و كەپكی حەمەدئاغا بڕیاری كوشتنی براكانی نەداوە تا شەرمەزاری مێژووی خۆی بێت، بۆیە ئەو دەتوانێ".



PM:12:22:17/07/2017