دوای ئێران، تورکیاش دژی ریفراندۆم وەستایەوە

ئەمڕۆ بۆ ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان رۆژێکی نەرێنی بوو، دوای ئێران، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دژی ریفراندۆم وەستایەوە.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بە سەرۆکایەتی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە تایبەت بە "ھەڕەشەکانی سنوری باشوری تورکیا" کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکدا لەسەر پرسی ریفراندۆم هاتووە" ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ھەرێمی باکوری عێراق ھەڵەیەکی گەورەیە و دەرھاویشتەی چاوەڕواننەکراوی لێدەکەوێتەوە، ئاسایش و ئارامیی ناوچەکەش پەیوەندە بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقەوە."

سەبارەت بە ھەرەشەکانی پەکەکەش لەسەر تورکیان ڕاگەیەنراوەکە دەڵێت: دەوڵەتی تورک بە مافی خۆی دەزانێت لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتییەکان "بەر بەو ھێرشە تیرۆریستیانە بگرێت" کە لە باکوری عێراق و سوریاوە دەکرێنە سەر خاکەکەی.

سەبارەت بە یەپەگەش راگەیەنراوەکە دەڵێت: "گەشتنی ئەو چەکانەی کە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕادەستی یەپەگەیان کردوون لە سوریا بە دەستی پەکەکە، راستیی بانگەشەکانی تورکیای سەلماندووە کە ئەو دوو رێکخراوە یەک شتن بەس ناویان جیاکردۆتەوە."

هەروەها کۆبوونەوەکە بڕیایداوە باری نائاسایی بۆ سێ مانگی تر لە وڵات درێژبکاتەوە.

هەر ئەمڕۆش زیاتر لە بەپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دژی پرسی ریفراندۆم وەستانەوە.



PM:11:28:17/07/2017