وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڕیاریدا بە خەرجكردنی بڕی
چوار ملیار و 100 ملیۆن دینار وەك دەرماڵەی هاندانی پزیشك و كارمەندانی میلاكی
وەزارەتی تەندروستی هەرێم، کە ئەو دەرماڵەیە وەک مووچە دابەشدەکرێت.
ماڵپەڕی دواڕۆژ بڵاویکردووەتەوە بەپێی نووسراوی ژمارە (8920)ی
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم كە واژۆی رابەر سدیق بریكاری وەزارەتی دارایی بە
وەكالەتی بەسەرەوەیە و لە 13ی تەموزی 2017 دەرچووە و بڕیاردراوە بە خەرجكردنی بڕی
چوار ملیار و 100 ملیۆن دیناری هاندانی كارمەندان و پزیشكانی وەزارەتی تەندروستی
بۆ مانگی شوباتی 2017".
ئەو ماڵپەڕە بڵاویشیکردەوە "لە بەشێكی نووسراوەكەدا،
هاتووە ئەو پارەیە بۆ دیوانی وەزارەتی تەندروستی و نەخۆشخانە و مەڵبەندە 24
كاتژمێرییەكانی سەر بە وەزارەتی تەندروستییە و بە نەقدی بۆ هەر شارێك خەرجدەكرێت،
بەمشێوەیە "هەولێر بڕی یەك ملیار و 500 ملیۆن دینار، سلێمانی یەك ملیار و 250
ملیۆن دینار، دهۆك 850 ملیۆن دینار، گەرمیان 330 ملیۆن دنیار، راپەڕین 165 ملیۆن
دینار, كۆیە 80 ملیۆن دینار و چەمچەماڵ 100 ملیۆن دینار".
ڕونیشیکردووەتەوە بەهۆی پاشەكەوتی موچە و قەیرانی دارایی،
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پێدانی بڕی چوار ملیار و 100 ملیۆن دینار بە
كارمەند و پزیشكانی ئێشكگری و بەشەكانی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەكان دەدرێت،
بەشێوەیەك بۆ پزیشكان بڕەكەی لەنێوان 300 تاكو 500 هەزار و بۆ كارمەندان لەنێوان
200 تاكو 300 هەزار دینارە.