تورکیا هەڕەشە لە عەفرین دەکات
١٠٠ هەزار کەس بەرگری لە عفرین دەکەن

لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا هێزێکی بێشوماری لەسەر سنوری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان کۆکردۆتەوە، نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسی ئەو شارە ناوی خۆیان تۆمار کردووە بەرگری لەشارەکەیان بکەن.

میدیاکانی نزیک پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان لەزاری ئەندامێکی یاسادانانی ئەو شارەوە بڵاوی کردەوە" عەفرین ناكەوێت و گەلی عەفرین ئامادەن بەرگری لە عەفرین بكەن، ئاشکراشیدەکات:"نزیكەی ١٠٠ هەزار كەس ناوی خۆیان نووسیوە بۆ ئەوەی بەرگری لە عەفرین بكەن".
 
ماوەی زیاتر لە مانگێكە دەوڵەتی توركیا هێز لە دەوری كانتۆنی عەفرین كۆدەكاتەوە، بەئامانجی ئەوەی هێرش بكاتە سەر عەفرین و داگیری بكات، لە ئێستاشدا لەڕێگەی تۆپ بارانكردنەوە هێرش دەكاتە سەر کانتۆنی عەفرین و دەوروبەری، لەبەرامبەریشدا شەڕڤانان وەڵا مدەدەن و بەڵێنی پاراستنی کانتۆنەکە دەدەن بە هاوبەشی لەگەڵ گەل-دا.
 
موشیرە مەلا ڕەشید، ئەندامی دیوانی یاسادانانی كانتۆنی عەفرین، لەبارەی ڕەوشی عەفرینەوە بە ڕۆژنیوزی وت:"عەفرین لە ڕەوشێكی نائاسایدایە، گەمارۆ دراوە، هێرشی دەوڵەتی توركیای لەسەرە، هێرشێكی بەهێز لەسەر عەفرین و ناوەندی عەفرین و شەهبا هەیە، لەهەموو لایەكەوە سوپای توركیا تۆببارانی عەفرین دەكات".
 
وتیشی:"لەبەرامبەر ئەوەدا گەل بەهەموو هێزی خۆی، خۆی ئامادەكاری كردووە، دەسەڵاتمان هەیە، هەموو چینەكان ئامادەین بەرگری لە عەفرین بكەین، هێزەكانی یەپەگە و یەپەژە، ئامادەن بەرگری لە عەفرین بكەن".
 
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد كە ورەی گەلی عەفرین بەرزەو ئاشکراشیکرد:"گەلی عەفرین گەلێكی خۆڕاگرە، هەموو گەل دەڵێن ئێمە دەست لە عەفرین بەرنادەین، دایكانی عەفرین دەڵێن دەس لە عەفرین بەرنادەن، تا ئێستا هیچ كەس عەفرینی بەجێنەهێشتووە، نزیكەی ١٠٠ هەزار كەس ناوی خۆیان نوسیوە بۆ ئەوەی بەرگری لە عەفرین بكەن".



AM:11:51:21/07/2017