نامەیەکی نەبینراوی نەوشیروان مستەفا بڵاودەکرێتەوە

نامەیەکی نەبینراوی نەوشیروان مستەفا لەسەر پرسە ناوخۆیەکانی نێو گۆڕان و هەڵبژاردنی رێکخەر بڵاودەکرێتەوە.

لە نامەکەدا کە مانگی شوبات نووسیوویەتی و ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی جڤاتدا خوێنرایەوە، داوا لە بزووتنەوەی گۆڕان دەکات لە هەڵبژاردنی رێکخەرو خانەی راپەڕاندندا " قسەیەک کە لێرەدا بەباشی دەزانم بیکەم سەبارەت بە خانەی ڕاپەڕاندن و هەموو ئۆرگانە سەرکردایەتییەکانی بزووتنەوەکە، تێکەڵاوکردنی ئەزموونە تێکۆشەرەکانی ناو بزووتنەوەکەیە لەگەڵ گەنجە تازە پێگەیشتووەکانی".

دەقی نامەکە:
هاوڕێیانی بەڕێز
 ئەندامانی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان
 ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان
 ڕێز و سڵاو
نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە سێ بۆنەی جیاوازدا بە ڕاشکاوی ڕامگەیاند کە ئەم بەندەیە ئەرکی ئەخلاقی، ئەرکی دینی، ئەرکی نیشتیمانی، ئەرکی نەتەوەیی خۆمم بە جێهێناوە و بزوتنەوەی گۆڕانیش کەوتووەتە سەرقاچی خۆی، بۆیە ئیتر ڕەنگە پێویستییەکی ئەوتۆی بە من نەمابێت و منیش توانای کارکردنی جارانم نەمابێت و کاتی ئەوە هاتبێت گۆڕان ڕێکخەرێکی دیکە بۆ خۆی هەڵبژێرێت. بەڵام ئەوەی دوایخستم لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ڕووداوە نەخوازراوەکانی کوردستان و بەدوای ئەویشدا هێرشی ناڕەوای پارتی بوو بۆ سەر بزووتنەوەکە و بۆسەر شەخسی خۆم.
ئاڵوگۆڕ لە هەیکەلی سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕاندا لە چاو حزب و ڕێکخراوەکانی تردا ئاسانە، ئەوەشمان لە ئەنجامی شیکردنەوەی تەجروبەی هەموو حزبەکانی تر دەرهێنا، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی نەبێتە مۆتەکەی سەر لەشی حزب، بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتی پێویستان بە بەستنی کۆنگرە نییە وەکو حزبەکانی تر، جڤاتی نیشتیمانی بە شێوەکی ئاسۆیی لە هەموو باژەرەکانی کوردستان و لەناو ڕێکخراوکانی تاراوگە هەڵدەبژێرێت، بەبێ ئەوەی پێویستان بە کۆنگرە بێت ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەبژێرن.
ئێستاش جڤاتی نیشتیمانی بە هاوکاری و هەماهەنگی ژورەکان و جڤاتی گشتی کەسێک لە خۆیان یان کادر و هەڵسوڕاوانی دەرەوە هەڵبژێرن بە ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنیش هەڵبژێرن، بە پێچەوانەی هەموو حزبەکان بێ ئەوەی پێویستیان بە کۆنگرە بێت.بە واتایەکی تر گۆڕین لە هەیکەلی سەرکردایەتی گۆڕاندا هەمیشە ئاسانە بکرێت و نابێتە کۆسپ.
من ئێستا پێم وایە کە ئیتر کاتێکی گونجاوە، بۆ ئەوەی بەپێی دەستوری ناوخۆی گۆڕان کەسێکی دیکە لە جێگەی من هەڵبژێرن بۆ ڕێکخەری بزووتنەوە و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن هەڵبژێرن، بەڵێنتان پێدەدەم وەک ڕێکخەری گشتی بە هەموو توانامەوە هاوکاری دەکەم بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت لە ئەرکەکەیدا. قسەیەک کە لێرەدا بەباشی دەزانم بیکەم سەبارەت بە خانەی ڕاپەڕاندن و هەموو ئۆرگانە سەرکردایەتییەکانی بزووتنەوەکە، تێکەڵاوکردنی ئەزموونە تێکۆشەرەکانی ناو بزووتنەوەکەیە لەگەڵ گەنجە تازە پێگەیشتووەکانی.
بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئاڵوگۆڕ لە هەیکەلی سەرکردایەتییەکەدا پێویستی بە بەستنی کۆنگرە نییە، تەنیا بۆ هەمواکردنەوەی دەستورەکەی و پەسەندکردنی بەرنامەی هەڵبژاردنی گشتی و پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزگاکان پێویستی بە کۆنگرەیە.
لەگەڵ خۆشەویستی زۆری نەوشیروان مستەفا



PM:12:08:22/07/2017