شاسوار عەبدولواحید: لیست بۆ هەڵبژاردن دروست دەکەم

‌شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی دامەزراوەی میدیایی نالیا

شاسوار عەبدولواحید خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی نالیا ڕایگەیاند "لیستی سەربەخۆ دروست دەكەم‌و هەوڵ دەدەم ببمە سەرۆكی حكومەتی داهاتوی هەرێم”.

شاسوار عەبدولواحید خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی نالیا لەمیانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی ڕاییگەیاندووە”گەنجانی هەرێمی كوردستان هیچ شتێك نازانن لەبارەی خەباتی چەكداری هێزەكانی هەرێمی كوردستان دژی سەدام حسێن”.


رۆژنامەكە لە زاری شاسوار عەبدولواحیدەوە ئاشکرایکردەوە کە ناوبراو وتویەتی كە ئەگەر هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت پەرۆشی بۆ ئەوە هەیە كە لیستێكی سەربەخۆ دروست بكات‌و هەوڵ دەدات ببێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتوی هەرێم.

ڕۆژنامەکە ڕوونیشی کردووەتەوە "ئامانجی شاسوار لەدروستكردنی ئەو لیستە ئەوەیە كە ئەو نەوەیەی كە پاش سەدام پێگەیشتون لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە”.

هەر بە گوێرەی ئەو ڕۆژنامەیە "شاسوار خوازیارە حكومەتێكی پراگماتی دروست بكات كە بتوانێت خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەكان دابین بكات كە تاوەكو ئێستا لەكوردستان بونیان نییە، بۆ نمونە كارەبایەك كە بتوانێت پشتی پێ ببەسترێت”.
هەروەها  شاسوار عەبدولواحید خاوەنى گروپى کۆمپانیاکانى نالیا دەشڵێت "گەنجانى هەرێمى کوردستان هیچ شتێک نازانن لەبارەى خەباتى چەکدارى هێزەکانى هەرێمى کوردستان دژى سەدام حسێن، بەوهۆیەشەوە سەرکردە پیرەکان پێویستیان بە بیانوو و هۆکارێک هەیە بۆئەوەى بۆماوەى ٢٦ ساڵى دیکە حوکمڕانى هەرێمى کوردستان بکەن".

پێشنیازى ئەوەى کردووە کە ژێرخانێکى بەهێزى ئابوورى بۆ هەرێمى کوردستان و سیستمێکى سیاسى دیموکراسى دروست بکرێت، ئەوەشی وتووە کە "ئێمە ئابووریمان نییە، تەنها یەک بۆرى نەوتمان هەیە، سیستمى دادوەریمان نییە، هێزێکى سەربازیى یەکگرتوومان نییە و تەنانەت پەرلەمانمان لەکارخراوە و نیمانە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە "ئەگەر هەیە بەهۆى ڕیفراندۆمەوە تورکیا بۆرى هەناردەى نەوتى هەرێم بگرێتەوە، کە سەرچاوەى سەرەکى داهاتى هەرێمە".

شاسوار عەبدولواحید پێشبینى ئەوەش دەکات، کە تورکیا و ئێران هێزەکانى سەر بە پارتى و یەکێتى لە دژى یەکتر هان بدەن و ببێتە هۆى ئەوەى شەڕى ناوخۆ سەرهەڵبداتەوە، پرسیاری ئەوەشی کردووە کە "ئایا ئێمە چ جۆرە کوردستانێکمان دەوێت؟ دەمانەوێت ببێتە کۆریاى باشوور یان باشوورى سودان؟".


 



PM:03:24:24/07/2017