به‌هۆی رووداوێكی هاتوچۆوه له‌سه‌ر رێگای سماقوڵی-هه‌ولێر، كوڕێكی عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیركرا.
ئێوارەی دوێنێ 23ی تەموز کوڕێکی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی له‌سه‌ر رێگای سماقوڵی-هه‌ولێر، توشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو.
موقه‌ده‌م زاهیر محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی كۆیه به ماڵپەڕی خه‌ندانی راگه‌یاندووە "رووداوه‌كه ئێواره‌ی دوێنێ روویداوه، كاتێك منداڵێك چووه‌ته به‌رده‌م ئۆتۆمبیلێكی جۆری تۆیۆتا لاندكرۆزه‌ر كه شۆفێره‌كه‌ی ناوی محه‌مه‌ده و كوڕی عه‌لی باپیره، ئه‌ويش بۆ ئه‌وه‌ی له‌منداڵه‌كه نه‌دات، چووه‌ته سه‌ر سایدی به‌رانبه‌رو خۆی به ئۆتۆمبێكی جۆری تاكسیدا كێشاوه".
وتیشی "به‌هۆی رووداوه‌كه‌وه كه هۆكاره‌كه‌ی خێراییه‌كی زۆر بووه له‌لایه‌ن شۆفێری تۆیۆتا لاندكرۆزه‌كه‌وه، چوار كه‌س برینداربوون، كه یه‌كێكیان ئه‌و منداڵه‌یه‌و سیانه‌كه‌ی دیكه‌ش سه‌رنشینی ئۆتۆمبیله تاكسی-یه‌كه‌ن".
موقه‌ده‌م زاهیر باسی له‌وه‌شكرد، له‌ئێستادا شۆفێری ئۆتۆمبیله تۆیۆتا لاندكرۆزه‌ره‌كه، به‌فه‌رمانی دادوه‌ر له‌پۆلیسی كۆیه‌وه ده‌ستگیركراوه.