لەسەر ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و کەموبوونەوەی لە بازاڕەکان ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی دڵنیای دەداتە هاوڵاتیان، هاوکات داوای لێپێچینەوە لەو کەسانە دەکەن کە پڕوپاگەندەی خراپ دەکەن.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ سپی نێردراوە، تیایدا هاتووە "ماوەیەكە پڕوپاگەندەی نابەرپرسانە سەبارەت بە سەرهەڵدانی كێشەی خۆراك و كەمی و گرانبوونی كاڵا و كەلوپەلی پێویست لە كوردستان دەكرێت، ئەمجۆرە پڕوپاگەندانە هەر مەرام و ئامانجێكیان لە پشتەوە بێت، جگە لە خزمەتكردن بە ناحەزانی كوردستان و زیان گەیاندن بە هاووڵاتیانی ئەم هەرێمی هیچ شتێكی دیكەی لێ چاوەڕوان ناكرێت".
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە "بە توندی ئەو پڕوپاگەندانە و بوونی هەر جۆرە كێشەیەك لە كاری بازرگانی و هاوردەكردندا ڕەت دەكەینەوە و هاووڵاتیانی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە كاری بازرگانی و هاوردەكردنی خۆراك و كەلوپەل بەبێ هیچ جۆرە كێشە و گرفتێك بەڕێوە دەچێت و چالاكیی بازرگانی لە هەموو دەروازە سنوورییەكانی هەرێم و فڕۆكەخانەكانەوە بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە دەچێت".
لە بەیاننامەكەیاندا داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات "لێپێچینەوە بەرامبەر ئەو جۆرە كەسانە بكەن بەمجۆرە پڕوپاگەندانە كاریگەریی خراپ دەكەنە سەر ڕەوتی بازرگانی و ئیش و كاری بازاڕ و ئابووریی كوردستان و لێدوانە بێبنەما و نابەرپرسیارانەكانیان ترس و دڵەڕاوكێ لای هاووڵاتیان دروست دەكات".
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا داوا لە حكوومەت كراوە "لێپرسینەوە لەو ڕێكخراوانە بكات وەكوو بازرگان خۆیان دەناسێنن و لەسەر ڕەوشی بازاڕ كاری نایاسایی و قسەی نایاسایی دەكەن و ترس دەخەنە ناو خەڵكی كوردستانەوە".