بەهۆی نقومبوونی بەلەمێکەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی نقوومبوونی بەلەمێک لە کەناراوەکانی شارۆچکەی چەشمەی سەر بە پارێزگای ئیزمیر، کە ژمارەیەک کۆچبەری هەڵگرتبوو، حەوت کەس گیانیان لەدەستدا کە پێنجیان منداڵن، چارەنووسی دوو کۆچبەریش نادیارە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانەوە دەستکەوتوون، دوای ئەوەی لە کاتژمێر ٩ ی شەوی ڕابردوودا هەواڵی ئەوە گەیشتووەتە فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان، کە بەلەمێکی کۆچبەران نقوومبووە، سێ بەلەم و هێلیکۆپتەرێکی فەرماندەییەکە ئاراستەی شوێنی ڕووداوەکە کراون.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە لە ئەنجامی هەوڵی تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانیش، حەوت تەرم دۆزرانەوە کە دوو ژن و پێنج منداڵ بوون.

تیمەکان توانیویانە ٩ کەسی دیکە ڕزگاربکەن کە چواریان بە ڕەگەز عێراقی، سێیان سۆماڵی و دووکەسیان سووری بوون، دوای ئەمەش سەرجەمیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی چەشمە کران.

بەوتەی کۆچبەرەکان، ١٧ کەس کە بەنیازبوون بەرەو دوورگەکانی یۆنان کۆچ بکەن، لەگەڵ هاووڵاتییەکی تورکدا کە ڕێکخەری کارەکە بووە لە بەلەمەکەدا بوون، کاتێکیش بەلەمەکە بەرەبەرە نقووم بووە، هاووڵاتییە تورکەکە، بە مەلە هەڵاتووە.



PM:12:58:28/07/2017