بەشێک لە پەیجە کوردیەکان لەبەرامبەر بڕێک پارە نمایشی جەستەی ژنان دەکەن

نمایشکردنی جەستەی ژنان و لە بەرامبەر بڕێک پارەدا لە بەشێک لە پەیجە کوردیەکان ماوەیەکە بوونی هەیە و وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت "ئەو حاڵەتە دەچێتە چوارچێوەی بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ".

ماوەیەکە لە بەشێک لە پەیج ئەکاونتە کوردیەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەسبووک چەند حاڵەتێک بەدی دەکرێت کە بریتیە لە نمایشکردنی جەستەی ژنان و دانانی نرخ مامەڵەکردن پێوەیان.

بەشێکیان بە لایڤ و بەشێکیان بە ڤیدیۆ و وێنە، ئەم حاڵەتەش سەرنجی بەشێک لە گەنجانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و هەندێکیان لەبەرامبەر ناردنی کارتێکی مۆبایل بۆ ژمارەی ئەو کچە داواکاریەکانی ئەو گەنجە جێبەجێ دەکات، بەڵام هەندێکی دیکەیان لە بەرامبەر بڕێک پارەدا ئەو کارە دەکەن.

لەبەشێک لەو پەیج و ئەکاونتانەدا و لە هەندێک لە کۆمێنتەکاندا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەم کارە تەنیا بۆ پارە کێشانەوە لە گەنج و ڕاستی نیە.

سەبارەت بە لێپێچینەوە و ئیجرائاتی پۆلیس نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند "ئێمە نازانین ئەوانە باندن یان تاکە کەس، بەڵام ناتوانین هیچ ئیجرائاتێک بکەین بەهۆی ئەوەی لایەنی جێبەجێکارین و تەنیا بڕیاری دادگا جێبەجێ دەکەین، تا ئێستاش هیچ کەس سکاڵای لەسەر ئەو حاڵەتە  لە هیچ بنکەیەکی پۆلیس تۆمار نەکردووە".

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشیکرد ئەو کارە دەچێتە چوارچێوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ئەوان لەسەر سکاڵای داواکاری گشتی یان کەسێک دەتوانن لێکۆڵینەوە بکەن و کەسی مەبەست ڕادەستی دادگا بکەن.



PM:01:42:29/07/2017