رێگا لە شەهرامی نازری دەگرێت کۆنسێرتێک ساز بکات

دادگایەکی شارێکی ئێرانی سەربە پارێزگای مەشهەدی ئێران، مۆڵەتی کۆنسێرتی شەهرام نازری، هونەرمەندی گەورەی کوردی هەڵوەشاندەوە.
 
کۆنسێرتێک بە ناوی "ئاوازی پارسی" لەلایەن شەهرام نازری و حافز نازرییەوە ڕاگەیەندرابوو، کە مۆڵەتی وەزارەتی کلتوری ئێڕانیشی درابوویە، کە دەبوو لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەو دەستیپێبکردایە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوامی هەبوایە، بەڵام ڕۆژی کۆنسێرتەکە هەموو دەرگاکانی هۆڵەکە داخران و ڕێگری کرا لە بەرێوەبردنی کۆنسێرتەکە.
 
لەوبارەیەوە، دادگای قوچان دوێنێ ڕایگەیاند، کە بەپێی بڕیاری دادوەری دادگای قوچان ڕێگری کراوە لە کۆنسێرتەکە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە شەهرام نازری و گروپەکەی و هەموو هەوادارانیان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە پشت دەرگا داخراوەکان چاوەڕێیانکرد کە دەرگاکان بکرێنەوە، چونکە پێشتر ئاگادار نەکرابوونەوەو بەپێی مۆڵەتی وەزارەتی کلتور هیچ کێشەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرتەکە لە گۆڕێدا نەبووە.
 
هەر ئەو شەوەی کە بڕیاربوو کۆنسێرتەکە بەڕێوەبچێت و پاشان ڕێگری لێکرا، شەهرام نازری بەهۆی فشاری دەروونییەوە تا بەیانییەکەی لە نەخۆشخانە بووەو لە ژێر چاودێری پزیشکاندا بووە.
 
پاش ڕێگریکردن لە کۆنسێرتەکە حافز نازری، هونەرمەند و کوڕی شەهرام نازری لە سەر گۆڕی فیردەوسی، شاعری کۆنی ئێرانی ئامادەبوو و بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی گۆرانی وت.

شەهرامی نازری بەیەکێک لە هونەرمەندە ناسراوەکانی ئێران و جیهان هەژمار دەکرێت و ناوبەناو دەسەڵاتدارانی لەبەر ئەوەی سەر بە نەتەوەی کوردە، کێشە بۆ خۆی و چاڵاکییەکانی دروستدەکەن.



AM:11:36:31/07/2017