گۆڕان: بەهەمان عەقڵیەتی نەوشیروان موستەفا کاردەکەین


وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت بەهەمان عەقڵیەتی نەوشیروان مستەفا، وەڵامی پارتی و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم دەدەنەوە بۆ دەستبەكاربوونەوەی پەرلەمانی كوردستان.

شۆڕش حاجی‌ وتەبێژ و ئەندامی‌ خانەی‌ راپەڕاندنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بە میدی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە "بزوتنەوەی‌ گۆڕان بە هەمان عەقڵیەتی‌ كاك نەوشیروان‌ و سەردەمی‌ كاك نەوشیروان وەڵامی‌ پارتی‌ و ئەنجومەنی‌ باڵای‌ ریفراندۆم دەداتەوە سەبارەت بە دەستبەكاربوونەوەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان".

ناوبراو وتوشیەتی "كۆبونەوەی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بەمنزیكانە بەڕێوەدەچێت، لەو كۆبونەوەیەدا گۆڕان وەڵامی‌ پارتی‌ دەداتەوە سەبارەت بە پرسی‌ دەستبەكاربوونەوەی‌ پەرلەمان و هەر پرسێکی دیکە".

وتەبێژەكەی گۆڕان ڕاشیدەگەیەنێت "ناكرێت دەزگایەكی‌ گرنگی‌ وەكو پەرلەمان بە فەرمانی‌ كەسێك یان مەكتەبی‌ سیاسی‌ حیزبێك دابخرێت و بەهەمان شێوە بە فەرمانی‌ كەسێك دەستبەكار بكاتەوە، گەرەنتی‌ چییە لەداهاتودا جارێكی‌ تر پەرلەمان پەكنەخرێتەوە".

وتەکانی شۆڕش حاجی لە كاتێكدایە هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی "دوای نەمانی نەوشیروان بارودۆخی گۆڕان دەگۆڕێت، زیاتر ئەقلانی دەبێت".



PM:08:18:31/07/2017