لە سلێمانی یادی شێرکۆ بێکەس دەکرێتەوە

ئەمڕۆ لە پارکی ئازادی سلێمانی، چوارهەمین ساڵیادی شێرکۆ بێکەس بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ4/8/2017 چوار ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شاعیری بەناوبانگی کورد شێرکۆ بێکەسدا تێدەپەڕێت و بەو بۆنەیەشەوە کاتژمێر ٧ی ئێوارەی ئەمڕۆ یادی ئەو شاعیرە لە سەر گڵکۆکەی لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت.

شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس ڕۆژی ٢ ی ئایاری ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە. یەکەمین شعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بڵاو کردەوە. ساڵی ١٩٦٨ یەکەمینکتێبەشعری خۆی بە ناوی "تریفەی ھەڵبەست" چاپ کرد، لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ هەندێک نووسەر و شاعیر بزووتنەوەی ڕوانگە دادەمەزرێنن، لەساڵی ١٩٨٧ لە وڵاتی سوید خەڵاتی "تۆخۆڵسکی" پێ بەخشرا، ئەم خە‌ڵاتە‌ لە‌ لایە‌ن سە‌رۆکوە‌زیرانی ئە‌و کاتەی سوید ئیگڤار کالرسۆنە‌وە‌ پێشکە‌ش بەم شاعیرە کرا،لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ لەگەڵ هەندێک لەهاوڕێکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی دامەزراند،شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس بۆ بەشێک لە زمانەکانی جیهان وەرگێڕدراون ، خاوەنی زیاتر لە ٤٠ بەرهەمی شیعرییە و لە ساڵی ٢٠٠٨ کۆی بەرهەمەکانی لە ٨ بەرگدا چاپ کرا، دواتر چەند بەرهەمێکی تری شیعریی بڵاوکردەوە وەک (زێ و زنە، تەون، هەست و نەست، ئێستا كچێك نیشتمانمە، ئەسپێك لە پەڕەی گوڵاڵە، خێراكە مردن خەریكە بگات)، لە دوای مردنیشی لە دوو بەرگدا کتێبی (نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش) کە تایبەتە بە بیرەوەری و ژیانی ئەم شاعیرە لە ساڵی ٢٠١٣ دا بڵاوکرایەوە.

شێرکۆ بێکەس لە ٤ ی ئابی ٢٠١٣ لە وڵاتی سوید بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.



PM:04:28:04/08/2017