پاشەکەوتی موچەی بەشێک لە فەرمانبەران لادەبرێت

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەهەرێم لەڕێگەی نوسراوێكەوە داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات لەسیستمی پاشەكەوتی موچە دەربكرێن، سەرچاوەیەکیش ئاشکرایدەکات ڕەزامەندی لەسەر داواکەی کۆمیسیۆن دراوە.

بەگوێرەی نوسراوێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی كە وێنەیەكی دەست "سپی میدیا" كەوتوە، هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنەكە داوای لەسەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم كردوە كارمەندانی كۆمسیۆن لەسیستمی پاشەكەوتی موچە دەربكرێن.

هەندرێن محەمەد بەحكومەتی ڕاگەیاندوە، "بۆیە ئەو داواكاریە دەكەین، چونكە ڕۆژانی هەفتە بەردەوام و بەبێ پشوو بەمەبەستی ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی لەئەركدان، هاوكات داوادەكەین، مانگانە لەكاتی خۆیدا موچە بەكارمەندانی كۆمسیۆن بدرێت".

لەسەر ئەو داوایە سەرچاوەیەکی تایبەت لە حکومەتی هەرێم بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "ڕەزامەندی لەسەر داواكەی كۆمسیۆن دراوەو دوایین موچەش كە بەكارمەندانی كۆمسیۆن دراوە بەبێ پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوت بوە".

سەرچاوەكە وتیشی کە نازانرێت دوای هەڵبژاردنەکان موچەی کارمەندانی کۆمیسیۆن بەم شێوەیە دابەش دەکرێت یان دەکرێتەوە بە سیستمی پاشەکەوت



PM:09:29:04/08/2017