"بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم 50 هەزار کەس بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێن"


بەڕێوەبەرێکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، باس لە چۆنیەتیی و ژمارەی دامەزراندنی گرێبەست لەو کۆمیسیۆنە دەکات و دەڵێت دامەزراندنەکان دوو جۆرن.


ماڵپەڕی (باسنیوز)ی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردۆتەوە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان دەرگای وەرگرتنی فۆڕمی بۆ گرێبستەکان کردووەتەوە، گرێبەستەکان دوو جۆرن، یەکێکیان بۆ ماوەی یەک مانگ دەبێت و لەو مانگەدا تەنیا 100 هەزار دیناریان پێ دەدرێت، ئەوی دیکە گرێبەستی سێ مانگییە، کە تا ئێستا بڕی پارەکەیان دیار نییە، بەڵام زیاتر بۆ تۆماری دەنگدەران دادەمەزرێن.

جووتیار عادل، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە "حكوومەت ڕەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی 50 هەزار فەرمانبەری گرێبەست بۆ رۆژانی دەنگدان دەربڕیوە، بۆ ڕۆژی ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلوول و رۆژی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان 100 هەزار دینار بۆ هەر کارمەندێک خەرج دەکرێت".


ئەوەشی خستەڕوو "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەرگای گرێبەستەکان دەکرێنەوە".


هاوکات کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە "کۆمیسیۆن بڕیاری داوە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم 50 ھەزار کەس لەسەر بوودجەی کۆمیسیۆن بۆ ماوەی یەک مانگ دامەزرێنێت و بڕیارە سەرەتای مانگی داھاتوو دامەزاندنەکە دەست پێ بکات".

ئەو بەڕێوەبەرەی کۆمیسیۆن راشیگەیاند "بەپێی ئەو فۆرمەی کە کۆمیسیۆن دایناوە، دامەزراندنی ئەو کارمەندانە بە شێوەی کاتی دەبێت و بەپێی ڕێژەی دانیشتوانی پارێزگاکان کارمەند دادەمەزرێنین، چونکە ھەر وێستگەیەک پێنج کارمەندى دەبێت و بەڕێوەی دەبەن، بەڵام ئەم دامەزراندنە جیاوازە لەو فۆرمانەی کە پێشووتر بۆ دامەزراندن پڕ کراونەتەوە".



PM:02:54:05/08/2017