بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی پەنابەران لە ئەڵمانیا دوو کەس گیانیان لەدەستدا

پۆلیسی ئەڵمانیا ئەمڕۆ دوو شەممە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەران و بێنەواکان لە باشوری ئەڵمانیا، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.


پۆلیسی ئەڵمانیا بە دووری زانی ئاگرکەوتنەوەکە بە دەست ئەنقەست بوبێت، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئافرەتێکی تەمەن ٥٤ ساڵ و پیاوێکی تەمەن ٥٦ ساڵ، هاوکات بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵەوە ژمارەیەکیش دووچاری تەنگەنەفەسی بوون، بێ ئەوەی پۆلیس هیچ زانیارییەکی دیکە ئاشکرابکات.

ئاگرەکە لە کاتێکی بەرەبەیانی زوودا، لە باڵەخانەیەکی شارۆچکەی مارکجرونیخین لە باکوری شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا کەوتووەتەوە.

لەدواى کێشەکانى سووریا و عێراق و ئاوارەبوونى ژمارەیەکى زۆرى هاووڵاتیانى ئەو دوو وڵاتانە، ئەڵمانیا ڕایگەیاند ٧٥٠ هەزار پەنابەر وەردەگرێت، لە ئێستادا بە پێی هەندێک ئامار یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار پەنابەر ڕوویان لەو وڵاتە کردووە.



PM:09:46:07/08/2017