لیستەکەی مالکی داوای دەستگیرکردنی بارزانی دەکات

لیستی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالکی جێگری سەرۆک وەزیران سەرکردایەتی دەکات داوا دەکەن لە کاتی هاتنی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا، مەسعود بارزانی دەستگیربکەن.

لە راگەیەندراوێکی لیستی دەوڵەتی یاسای کە لە میدیا عێراقییەکان بڵاوکرایەوە، هاتووە" داواكاری گشتی داوای جوڵاندنی سكاڵایەكی یاسایی كردووە بۆ دەستگیركردنی مەسعود بارزانی و بەتاڵانبردنی نەوتی عێراق و خیانەتی گەورە تۆمەتباری كردووە''.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە كراوە '' هیچ رێگا چارەیەك لەنێوان بەغدا و هەولێردا نیە، چونكە بارزانی سەرۆكێكی نا شەرعیە و پێویستە لەسەر حكومەت بەهیچ شێوەیەك گفتوگۆی لەگەڵدا نەكات و پێشوازی لێ نەكات''.
لەراگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە "گفتوگۆكردن لەگەڵ بارزانیدا كات بەسەربردنە چونكە ئەو سەرۆكێكی نا شەرعییە و نوێنەرایەتی كورد ناكات بەڵكو نوێنەرایەتی وڵاتانی تر دەكات كە پیلان لەدژی عێراق دەگێڕن''.

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا جەغت كراوەتەوە "كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەلایەن حزبەكانی ترەوە نەك پارتی چارەسەردەكرێن وەك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و حزبەكانی تر''.



PM:09:18:09/08/2017