تیلەرسن پەیوەندی بە بارزانیەوە کرد

وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا پەیوەندى بە بارزانییەوە کردووە و  وەک لە ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمدا  هاتووە پێی باش بووە کە ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دوابخرێ.

ئەمرۆ هەینى 11ی ئاب ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بڵاویکردەوە، کە ڕیکس تیلەرسن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانییەوە کردووە و دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە تێكشكاندنی داعش و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كرد و سەرەخۆشیی لە خانەوادە و کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە کرد لە شەڕی داعشدا شەهیدبوون.

ماڵپەڕى سەرۆکایەتى هەرێم وتوشیەتى، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەستخۆشی لە بارزانی و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كرد بۆ بڕیاری پێكهێنان و ناردنی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بە مەبەستی دانوساندن لەسەر پرسە سیاسییەكان.

لەبەرامبەردا بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای كرد و هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ ئەو هاوكاری و یارمەتیدانەی كە ئەمەریكا پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كردووە لە شەڕی دژی داعشدا.

بارزانى، جەختیشی لەوە كردەوە كە بەمنزیكانە شاندی باڵای هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ئاییندەی پەیوەندیی نێوان كوردستان و بەغدا.



PM:05:30:11/08/2017