بانكی ڕافیدەین 15 ملیۆن دینار بە قەرز دەداتە هاوڵاتیان

بانكی‌ ڕافیدەینی‌ عێراقی‌ بڕیاریدا گۆڕانكاریی لەپێدانی‌ قەرزەكانی‌ بەهاوڵاتیان بكات و ڕایگەیاندوە، لەمەودوا هاوڵاتیانی‌ ئاساییش دەتوانن لەو قەرزە سودمەندبن، بڕی قەرزەكەش لە 10 ملیۆن دینارەوە زیادكراوە بۆ 15 ملیۆن دینار.

بەگوێرەی‌ ڕاگەیەنراوێكی‌ بانكی‌ ڕافیدەین كە بەیانی‌ ئەمڕۆ بڵاوبۆتەوە ئاشكرایكردوە، لەمەودوا جگە لەفەرمانبەران كە پێشتر بڕیارێك هەبوو 10 ملیۆن دینار قەرزیان پێبدرێت، هاوڵاتیانی‌ ئاساییش دەتوانن لەو قەرزە سودمەندبن.

بانكەكە ئەوەشی‌ ئاشكراكردوە، بڕی‌ ئەو 10 ملیۆن دینارە زیادكراوە بۆ 15 ملیۆن دینارو هاوڵاتیانی‌ ئاساییش لەوەرگرتنی‌ سودمەنددەبن بەمەرجێك تەنها كەفیلێكیان هەبێت.

سەبارەت بە سودمەندبوونی فەرمانبەرانی هەرێم لەو قەرزە بەپێی زانیاریەكان ئەو فەرمانبەرانەی‌ لە هەرێم میلاكی‌ عیراقن سودمەند دەبن لەوەرگرتنی‌ قەرزەكە و دەتوانن لەئێستاوە مامەڵە بۆ وەرگرتنی‌ بكەن.

بەڵام بۆ سودمەندبوونی هاوڵاتیان و تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت لقی ئەو بانكە لە شارەكانی هەرێم بكرێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی‌ عێراق چەند مانگێك لەمەوبەر پێشنیازی بۆ حكومەتی هەرێم كردووە، بەڵام تا ئێستا هەنگاوەكان بەرەو پێش نەچوون و هیچ لقێكی ئەو بانكە نەكراوەتەوە.



AM:10:12:16/08/2017