سەعدی پیرە: کەس نەیوت کورد نابێت مافی چارەی خۆنوسینی ھەبێت

سەعدی پیرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی شاندی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی لەبەغدا خستەڕوو، وتی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، "تەوەقوعاتی بەرزی ھەبوو کە کێشەکان چارەسەر بکرێن".


پیرە لەدرێژەی قسەکانیدا وتی، بەگشتی ژینگەو کلتوری گفتوگۆکان بەشێوەیەکی زۆر باشە، و دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی ھەیە، "ھیچ کەسم گوێ لێ نەبوو پێی وابێ کورد نابێت مافی چارەی خۆنوسینی ھەبێت، ھەموی کۆکراوەتەوە لەسەر ئەوەی جارێ زووە یان کاتی نییە".

ئاماژەی بەوەکرد، لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق، گفتوگۆیان لەسەر ئەوەکردووە، کە شاندەکە لەلایەن لیژنەی ریفراندۆمەوە دەسەڵاتی رەھایان پێدراوە بۆ گفتوگۆ."وتمان ھاتووین بۆ حیوار، میللەتی ئێمە نائومێد بووە لەو بارودۆخەی تێیدایە".

بەوتەی پیرە، سەلیم جبوری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق، "تەوەقوعاتی زۆر بەرزی ھەبوو"کە عێراق جێگەی پێشمەرگە وەک بەشێک  لە سوپای عێراق رون دەکاتەوەو ھەروەھا کێشەی ماددەی ١٤٠ و پرسی شەراکەت لە عێراق و بڕینی بودجە چارەسەر ببن.

سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ھادی عامری فەرماندەی حەشدی شەعبی، پیرە وتی،  ئەو ھەموو مافێکی کورد بە رەوا دەبینێت،"بەڵام تەحەفوزی لەسەر ئێستا ھەبوو بۆ ریفراندۆم، کە پەلەی تێدا نەکرێت جارێ کاری پێویست ھەیە".

ھەروەھا باسی لەوەکرد، نوری مالیکی پێی وتوون، کە "داخوازی جیابوونەوە نازانم ئەوە حەلی ھەموکێشەکان دەکات یان نا، بەڵام با بەردەوام بین لەگفتوگۆ بزانین دەگەینە ئەنجام یان نا، بزانین ئەوەی جێبەجێنەکراوە".

"بەگشتی ژینگەو کلتوری گفتوگۆکان بەشێوەیەکی زۆر باشەو دەنگدانەیەوەکی زۆر باشە ھیچ کەسم گوێ لێ نەبوو پێی وابێ کورد نابێت مافی چارەی خۆنوسینی ھەبێت، ھەموی کۆکراوەتەوە لەسەر ئەوەی جارێ زووە یان کاتی نییە"پیرە واى وت.

شاندی ھەرێم کەمێکی دیکە لەگەڵ ھاوپەیمانی نیشتیمانی کۆدەبنەوە، دواتریش لەگەڵ سەدرییەکان کۆدەبنەوە.



PM:08:49:16/08/2017